ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردن لە عێراق دەستیپێکرد و ئەمڕۆ شەممە بەر لە 24 کاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵمەتی بانگەشەی لیست و کاندیدەکان ڕاگیرا.
فەریق ڕوکنی یەکەم، عەبدولئەمیر شەمەری سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماوەی بێدەنگیی هەڵبژاردن و بانگەشەی کاندیدەکان لە ئەمڕۆ شەممەوە جێبەجێدەکرێت.
داواشی لە سەرجەم کاندید و لیستەکان کرد، پابەندبن بە ماوەی بێدەنگیی بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەیی دەنگدان، لە حاڵەتی سەرپێچیشدا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی هەموو پێشێلکارییەک دەبنەوە.
هەروەها داوای لە سەرجەم لیژنە ئەمنییەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی عێراق کرد پابەندبن بە جێبەجێکردنی بڕیاری ڕاگرتنی بانگەشە و ماوەی بێدەنگیی بەر لە هەڵبژاردن و ڕووبەڕووی هەموو پێشێلکارییەک ببنەوە.
سبەینێ یەکشەممە لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لەسەرتاسەری عێراق دەکرێنەوە، ئەمە لەکاتێکدا دوێنێ هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، ئاوارەکان و زیندانییەکان بەڕێوەچوو.