لوتكەی بەغداد.. هەوڵی گەڕانەوەی ڕۆڵی هەرێمیی عێراق لە پرسە سیاسی و ئەمنییەكاندا

مستەفا كازمی و ئیمانوێل ماكرۆن

بڕیارە ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق بە بەشداری ژمارەیەك سەركردە و نوێنەری وڵاتانی دراوسێ و هەرێمایەتی و جیهان لە بەغداد بەڕێوەبچێت.

ئامانج لە سازدانی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی ئاڵنگارییە سیاسییەكان و ئاسایشی ناوچەكەیە لەگەڵ پرس و بابەتە پەیوەندیدارەكان و دروستكردنی ئاشتەوایی هەرێمایەتی و نێوەندگیریی لەنێو وڵاتانی ناكۆك.

درەنگانی شەوی ڕابردوو ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەڕەنسا گەیشتە بەغداد، بەیانی ئەمڕۆش شاندی وڵاتانی كوەیت، ئێران و میسر، هەروەها شاندی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو گەیشتنە بەغداد و لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی فیدراڵەوە پێشوازیكران.

جگە لە ماكرۆن، بڕیارە هەریەك شا عەبدوڵای دووەم، شای ئوردون و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆكی میسر و شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر و سوباح خالد ئەحمەد سوباح، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوەیت بەشداری بكەن.

جگە لەوەی بەپێی وتەی سەرچاوەیەكی بەرپرسی عێراقی، شێخ محەمەد بن ڕاشد ئالمەكتوم، سەرۆك وەزیران یاخود شێخ محەمەد بن زاید بن سوڵتان، شازادەی جێنشینی ئەبو زەبی وەك نوێنەری ئیمارات بەشداردەبن.

لە شەوی ڕابردووەوە سەدان كارمەندی هێزەكانی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەی سەوز بڵاوەپێكراون، جگە لە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی لە چەندین ناوچەی پایتەخت و نزیك شەقامی فڕۆكەخانەی بەغداد.

موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “كۆبوونەوەكە هەوڵدانە بۆ ئەوەی مانایەكی نوێ و باشتر ببەخشرێت بە پرسی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمایەتی و پەیوەندیی باشتری نێوان دەوڵەتە دراوسێكانی عێراق، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی كە كێشەی ئەمنی لەنێوان خۆیاندا هەیە، ناوچەكەشی پێوەتێوەگلاوە وەك سعودیە و ئێران، ئەو دەوڵەتانەی دیكەش كە كێشە دروستدەكەن بۆ ئاسایشی عێراق وەكو توركیا”.

ئەمین دەڵێت، “كۆبوونەوەی ئەمانە لەسەر مێزێك و لە كۆنگرەیەكدا بۆ بابەتی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابوری و باشتركردنی پەیوەندییەكانی دراوسێی عێراق، دەبێتەوە بە بەرژەوەندیی عێراق هەم لەڕووی سەقامگیری و هەم لەڕووی گەشەپێدانەوە”.

پێشتر ڕۆژنامەی (شەرقل ئەوسەت) لەزاری بەرپرسێكی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، “گرێدانی ئەو كۆنگرەیە لە بەغداد، یەكەمینی لەو جۆرە دەبێت لەدوای ساڵی 2003 لەسەر ئەو ئاستە، ئامانجیش لێی گەڕاندنەوەی ڕۆڵی هەرێمایەتی و كاریگەریی عێراقە، كە پێشتر بەهۆی سیاسەتی ڕژێمی پێشووەوە پاشەكشەی كردبوو، بەتایبەت دوای داگیركردنی كوەیت لە ساڵی 1990دا”.

سەبارەت بەوەی چاوەڕوان دەكرێت كۆنگرەكە چ ئەنجامێكی لێبكەوێتەوە، موسەننا ئەمین ئەوەی خستەڕوو، “هەنگاوێكە بەرەو ڕێگا ڕاستەكە، بەڵام تەنها هەنگاوێكە و هیچیتر و شتێكی گەورەتری لێ چاوەڕوانناكرێت، دەرئەنجامەكانی هەرچی ببن، سەركەوتوو بێت و بگات بە ئەنجام یان نەگات بە ئەنجام، هەنگاوێكی دیپلۆماتیی گرنگە بۆ عێراق سوودی هەیە و كرانەوەیە و هێزی دیپلۆماتیی عێراق نیشاندەدات”.

وتیشی، “دەتوانرێت هەندێك ئەجێندای بابەتی و لۆژیكی و واقیعی بۆ دابنرێت كە دەشێت جێبەجێبكرێن، لەوانە بڕیارەكانی كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوەیت كە دەرئەنجامەكانی زۆر نەچوونە بواری جێبەجێكردنەوە، كە یەكێكە لەو بابەتانەی دەكرێت لەم كۆنگرەیەشدا دووبارە جەختی لەسەر بكرێتەوە و جێبەجێ بكرێت، جگە لە ئامانجی دیكەی بابەتی كە لەڕێیەوە بتوانرێت هەندێكی لێ سەوزبكرێت”.

پێشتر لە چەندین بۆنەدا مستەفا كازمی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە عێراق هەوڵدەدات ڕۆڵی هاوسەنگ و ئەرێنی لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەكەدا بگێڕێت، لای خۆیەوە پەرلەمانتارە كوردەكە پێیوایە، كۆكردنەوەی ئێران و سعودیە لە كۆنگرە و دیدارێكدا، دەرفەتێك دەخوڵقێنێت بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئەو دوو دەوڵەتە، ئەو دوو وڵاتە كێشەكانیان ئەنجامی نەرێنییان هەبووە لەسەر عیراق و ئارامبوونەوەی پەیوەندییەكانیشیان ئەنجامی ئەرێنی دەبێت بۆ گەشانەوەی ئابوری و پەیوەندییەكانی عێراق و كەمكردنەوەی پشێوی و تەنگژە لە عێراق-دا.

بابەتی پێشتر

دەستگیركرا.. نورزان شممەری لەلایەن براكەیەوە كوژراوە

بابەتی دواتر

چین: ئەمریكا دەیەوێت لە پرسی سەرهەڵدانی كۆرۆنادا بمانكاتە قوربانی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

مووچەی مانگی 11 دابەشدەكرێت

مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق دابەشدەكرێت و وەزارەتی دارایی پارەكەی نارد. ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی عێراق…
Total
0
Share