بەشیر حەداد مەرجی دەنگدان لەسەر بازنەكانی كەركوك و موسڵ ئاشكرادەكات

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، ناكرێت دەنگ لەسەر بازنەی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی كەركوك و موسڵ بدرێت بەبێ سازان لەنێو نوێنەرانی پێكهاتەكان.

بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 26ی تشرینی یەكەم ڕایگەیاند، دواخستنی دەنگدان لەسەر دابەشكردنی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە كەركوك و نەینەوا، لەدوای دەنگدانی پەرلەمان بوو لەسەر بازنەی هەڵبژاردنی 16 پارێزگا لە دانیشتنی شەممەی ڕابردوو، ئەمەش لەپێناو بەخشینی هەلی زیاتر بە پێكهاتەكان بۆ گەیشتن بە ڕێكەوتنێك كە ببێتە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەكان، سەرلەئێوارەی ئەمڕۆش دەنگ لەسەر بازنەی هەڵبژاردنی ئەو دوو پارێزگەیە دەدرێت.

ئەو لێدوانەی حەداد لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و سەرۆكی لیژنەی یاسایی بوو.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی خستەڕوو، “ناكرێت دەنگ لەسەر بازنەی هەڵبژاردن بدرێت لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا بەبێ‌ سازانی نێوان نوێنەرانی پێكهاتەكان”.

دوپاتیشیكردەوە، پەرلەمان بەردەوام هەوڵیداوە ڕۆڵی خۆی ببینێت لە پەسەندكردنی یاساكان و داڕشتنیان، بەشێوەیەك لەگەڵ پێداویستیی قۆناغەكە و خواستی جەماوەردا بگونجێت.

شەممەی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بازنەی هەڵبژاردنی 16 پارێزگای یەكلاكردەوە، جگە لە پارێزگاكانی كەركوك و موسڵ، بەهۆی ناكۆكی پێكهاتەكان لەسەری، بۆ ئەوەش دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ماوەی 48 كاتژمێری دیاریكرد بۆ ڕێككەوتنی پەرلەمانتاران لەسەر ئەو پرسە و بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ پەرلەمان كۆببێتەوە و دەنگی لەسەر بدات.

دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەك، بەپێی هەمواری یاساكەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا لە عێراق پەیڕەودەكرێت.

بابەتی پێشتر

ڕزگاركەری ئابوریی جیهان.. ترەمپ یان بایدن؟

بابەتی دواتر

بەغداد.. لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەڕەنسا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share