ئیمارات پێنج وێستگەی كارەبا بە وزەی خۆر لە عێراق بونیاددەنێت

هێڵی كارەبا لە ناوچەی سەدری بەغداد فۆتۆ: AFP

بەغداد و كۆمپانیایەكی حكومەتی ئیمارات تایبەت بە وزەی نوێ گرێبەستێكیان واژووكرد بۆ بونیادنانی پێنج وێستگەی كارەبایی كە بە وزەی خۆر كاردەكات.

گرێبەستەكە لە لایەنی عێراقیەوە هەریەك لە وەزارەتی كارەبا و دەستەی وەبەرهێنانی نیشتمانی و لەلایەنی ئیمارات كۆمپانیای ئەبوزەبی بۆ وزەی ئایندە كە خاوەندارێتییەكەی بۆ حكومەتی ئەبوزەبی دەگەڕێتەوە واژووكرا.

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە سەرپەرشتی واژووكردنی گرێبەستەكەی كرد، لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكە بۆ بونیادنانی پێنج وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە بە سوودوەرگرتن لە وزەی خۆر.

ئاشكراشیكرد، قۆناغی یەكەم بەرهەمهێنانی هەزار مێگاوات لەخۆدەگرێت لە توانای گشتیی پرۆژەكە كە دوو هەزار مێگاواتە.

لای خۆیەوە ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری گەورە بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ڕایگەیاند، بەغداد سوورە لەسەر ئەوەی بە گەیشتنە ساڵی 2023 ڕێككەوتنی هاوشێوە ئەنجامبدات بۆ بەرهەمهێنانی 7500 مێگاوات.

لە ئەیلولی ڕابردووش ڕێككەوتنێك بە بەهای ملیاران دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای (توتاڵ ئێنەجیز) واژووكرا كە تایبەتە بە بونیادنانی وێستگەیەكی وزەی خۆر بە توانای بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی پارێزگای بەسرە بە كارەبا.

سەرەڕای ئەوەی عێراق خاوەن یەدەگێكی بێشوومارە لە نەوت و گاز، هەروەها دووەم گەورە ئەندامی ڕێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك)ە، بەڵام بەدەست قەیرانی كەمی وزەوە بەتایبەت وزەی كارەباوە دەناڵێنێت.

بەرهەمی كارەبای ئێستای وڵات 16 هەزار مێگاواتە، لەكاتێكدا پێداویستیی ئێستا بەو وزەیە 24 هەزار مێگاواتە.

بابەتی پێشتر

ناتۆ هەشت ئەندامی ڕوسیای لە هاوپەیمانێتییەكەی دەركرد

بابەتی دواتر

بومەلەرزەیەكی بەهێز پاكستانی هەژاند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئەنجومەنی نوێنەران کۆدەبێتەوە

ئەو کۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە دوێنێ دواخرا، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت. بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کاتژمێر 01:00ی دوای نیوەڕۆی…
Total
0
Share