بەهۆی زیرەكیی دەستكرد و موزیك
دواجار سەمفۆنیای دەیەمی بتهۆڤن تەواوكرا

لۆدفیگ ڤان بتهۆڤن

لۆدفیگ ڤان بتهۆڤن، كە لە ساڵی 1827 كۆچی دواییكرد، نەیتوانی سەمفۆنیای دەیەمی بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەندروستییەوە تەواوبكات، ئەوەی لێی جێما هەندێك لە ڕەشنووس و وێنە موزیكییەكانی ئەو سەمفۆنیایە بوو. وەك ئەوەی زانراوە كارەكانی بتهۆڤن مایەی سەرسامین بۆ زانایان و عاشقانی بواری موزیك، بۆیە بە هەوڵی تیمێك لە مێژوونوس و زانایانی موزیك و ئاوازدانەران و ئەندازیارانی كۆمپیوتەر، دوا ڕوانینی بتهۆڤن تەواوكرا.

زیرەكیی دەستكرد ڕۆڵی گەورەی گێرا لە پرۆژەكەدا لەڕێی كۆمپانیای (پلای فۆڕم)ی تایبەت بە زیرەكیی دەستكرد كە ئامێرەكە پرۆسەی داهێنانی بتهۆڤن-ی بەكارهێنا بۆ بەرهەمێنانی سەرجەم كارە موزیكییەكانی.

بڕیارە بەرهەمی تەواوكراوی سەمفۆنی دەیەمی بتهۆڤن لە 10ی ئەم مانگە بڵاوبكرێتەوە، هەمان ئەو ڕۆژەی موزیكەكەی لە شاری بۆن-ی ئەڵمانی تیا دەخرێتەڕوو، بۆ ئاشكراكردنی ئەو هەوڵەی كە ماوەی دوو ساڵی خایاند.

هەوڵەكانی پێشوو شكستیان هێنا
كۆمەڵەی شاهانەی فیلهارمۆنی لە لەندەن لە ساڵی 1817 بتهۆڤن-ی ڕاسپارد بە نوسینی سەمفۆنیاكانی نۆیەم و دەیەم.

سەمفۆنیا، كە بۆ ئۆكسترا دەنوسرێت، بەشێوەیەكی گشتی چوار جوڵەی تیایە: كە یەكەمیان بە شێوەیەكی خێرا، دووەم خاوتر، سێیەم بە ئاستێكی ناوەند یان خێرا و دواهەمینیشیان بە پلەیەكی خێرا دەژەنرێت.

بتهۆڤن سەمفۆنیای نۆیەمی كە بە “سرودی شادی” كۆتایی دێت لە ساڵی 1824 تەواوكرد، بەڵام سەبارەت بە سەمفۆنیای دەیەم، داهێنەرە موزیكییەكە زۆرێكی جێنەهێشت، جگە لە چەند نۆتەیەكی موزیك و كۆمەڵێك بیرۆكە.

هەوڵی باری كۆپەر-ی موزیسیان بۆ تەواوكردنی جوڵەی یەكەم و دووەم لە ساڵی 1988 لە بەناوبانگترین هەوڵەكانی پێشووە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانی بەشەكانی سەمفۆنیای دەیەم، كە لەڕێیەوە 250 پارچە موزیكی لەڕێی وێنەكانەوە تێكەڵكرد، كە بەپێی ڕای ئەو بەرهەمهێنانی جوڵەی یەكەم نزیكە لە ڕوانینی بتهۆڤن-ەوە.

بەڵام سەرەڕای سەرجەم هەوڵەكان، وێنە موزیكییە كەمەكانی بتهۆڤن وایكرد ئەستەمبێت بۆ شارەزایانی سەمفۆنییەكان جوڵەی یەكەم تێپەڕێنن.

پێكهێنانی تیم
لە سەرەتای ساڵی 2019 دكتۆر ماتیاس رۆدر، بەڕێوەبەری پەیمانگای كاراجان، كە ناوچەیەكە دەكەوێتە سالزبۆرگ-ی نەمسا و یەكێكە لە لایەنگرانی تەكنەلۆجیای موزیك تیمێكی نێودەوڵەتی پێكهێنا بۆ تەواوكردنی سەمفۆنیای دەیەمی بتهۆڤن بەبۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر ساڵیادی لەدایكبوون داهێنەرە موزیسیانە بەناوبانگەكە.

ئالنگارییەكە گەورە و بەئەنجامگەیاندنی تاڕادەیەك ئەستەمبوو، سەرەڕای ئەوەی زیرەكیی دەستكرد دەیتوانی كارێك بكات كە پێشتر نەكراوە، كە ئەویش پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانە بوو كە بتهۆڤن ماوەی سەدان ساڵە جێی هێشتبوو.

تیمەكە كە ڕۆد كۆیكردەوە، واڵتەر ویرزووا-ی ئاوازدانەری نەمسایی تیابوو كە ناسراوە بە نوسینەوەی گۆرانی (بونگ جینگل)ی تایبەت بە كۆمپانیای (ئەنتل). واڵتەر لەم پرۆژەیەدا ڕاسپێردرابوو بۆ كۆكردنەوەی جۆرێكی نوێی پێكهاتەكان كە دەشێت ببێتە هۆی كۆكردنەوەی ئەوانەی بتهۆڤن لەپاش خۆی جێی هێشتبوو لەگەڵ ئەوەی زیرەكی دەستكرد بەرهەمی دەهێنێت.

لای خۆیەوە مارك جوسام، شارەزای موزیكی كۆمپیوتەری سەرپەرشتی كۆكردنەوەی هێماكانی ناو ڕەشنوسەكەی بتهۆڤن و چارەسەری تەواوی كارەكانی بۆ ڕاهێنانی زیرەكی دەستكرد بەشێوەیەكی دروست لەئەستۆدابوو بۆ چارەسەری گرێیەكە و گۆڕینی پارچە لەیەكدابڕاوەكان بۆ پارچەیەكی موزیكیی تەواو.

تیمەكە ڕۆبەرت لیڤین-ی پیانۆژەن و زانای موزیكی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكیشی تیابوو، كە كاریكرد لەسەر تەواوكردنی كارە تەواونەكراوەكانی سەدەی هەژدەی زۆرێك لە هونەرمەندان وەك موتسارت و یۆهان سیباستیان.

تەواوكردنی كارە داهێنەرانەكەی بتهۆڤن
وێناكانی یەكەمی سەمفۆنیای دەیەم هاوكات لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونی پرۆژەكە كە جەختیدەكردەوە لەسەر توانای هەماهەنگی هەردوو لایەنی مرۆیی و ئامێری زیرەك، ئەندامانی تیم ئاشكراكردنی سمبولەكان و كۆپیكردنی وێنەكانی ناو سەمفۆنیا تەواونەكراوەكەیان گرتەئەستۆ، لە هەوڵێكدا بۆ دانانی هەر جوڵە و بەشێك لە شوێنی دروستی خۆیدا.

چاوەكانیش لەسەر ئەو هەوڵەبوو كە زیرەكیی دەستكرد لەم پرۆژەیەدا ئەنجامیدەدا كە پێویست بوو هەوڵی بتهۆڤن-ی بۆ پەرەپێدانی وێنای موزیكی پارچەیەكی فێربكرێت، بەهەمان شێوە تێگەیاندنی چۆنیەتی دانانی هێڵێكی ئاوازی دیاریكراو و ڕێكخستنی دوو بەشی موزیك پێكەوە، كە ئەو پارچەیەیە بەشێك لە پارچە موزیكێك دەگەیەنێتە كۆتاییەكەی.

پێشكەشكردنی سەمفۆنیای دەیەم بە جیهان
لێهاتوویی بتهۆڤن ئالنگارییەكی گەورەبوو لەم پرۆژەیەدا، بەدرێژایی نزیكەی دوو ساڵ تیمەكە كاریان لەسەر بونیادنان و ڕێكخستنی دوو جوڵەی تەواوكرد كە ماوەی هەر یەكێكیان زیاتر لە 20 خولەكە.

بۆ ئەوانەی كە بانگەشەی ئەوە دەكەن زیرەكیی دەستكرد ناتوانێت لێهاتویی مرۆیی دووبارەبكاتەوە، دەكرێت وا وەڵام بدرێنەوە كە كاتێك پرسەكە پەیوەندیدار دەبێت بە هونەرەوە، ناكرێت ڕوانینی زیرەكیی دەستكرد وەك جێگرەوەی مرۆڤ دابنرێت، بەڵكو هۆكارێكە دەروازە بۆ هونەرمەندان دەكاتەوە تا خودی خۆیان و داهێنانەكانیان بەڕێگایەكی نوێی بێسنوور دەرببڕن.

یەكێك لە شارەزایانی موزیكی تیمەكە وتی، زیرەكیی دەستكرد خوێندكارێكی زانستخوازی بەبیردادەهێنێت كە هەموو ڕۆژێك هەوڵی موزیكی دەدات و فێردەبێت و لەگەڵ تێپەڕبوونی كات باشتر و باشتر دەبێت.

ئێستاش ئەم خوێندكارە باتون-ەكەی (ئەو دارەی بە دەست ڕابەری ئۆرکستراوەیە) لە بتهۆڤن وەرگرتووە، ئەمڕۆش ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی سەمفۆنیای دەیەم بە جیهان.

س: مۆن كارلۆ

بابەتی پێشتر

نرخی گازی سروشتی ئەوروپای هێناوەتە لەرزە

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئیسپانیا پاڵه‌وانی ئه‌وروپای تێپه‌ڕاند و گه‌یشته‌ فاینه‌ڵی "نه‌یشن لیگ"

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share