ڕاوێژكاری سەربازیی خامنەیی: ڕووبەڕووی “گروپە تیرۆرستەكان” دەبینەوە

ڕاوێژكاری سەربازیی ڕابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لەو حزبانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات كە لە هەرێمن و دەڵێت، وڵاتەكەی دژی بوونی هەر گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی چەكدارە لە هەرێمی كوردستان.

لیوا- ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژكاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی ڕابەڕی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، “هۆشداری دەدەین، ڕووبەڕووی گروپە تیرۆرستەكان و بەرهەڵستكارانی شۆڕش دەبینەوە لەهەر شوێنێكی نزیكی سنوورەكانمان بن”.

وتیشی، “بە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێین ئێمە دژی بوونی هەر گروپێكی ئۆپۆزسیۆنی چەكدارین لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمدا، ئەو گروپانە هەندێك كێشەمان بۆدروستدەكەن، بەڵام مەترسیی گەورە نین بۆسەر ئێران”.

پێرێ دووشەممە سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیكردەوە كە ئارامگرتنیان نەماوە و ڕایگەیاند، “ئارامگرتنێكی ستراتیژیمان گرتەبەر لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە تیرۆریستییانەی كە لە هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە، بەڵام بە هاوڕێیانمان لە عێراق وتووە كە ناكرێت ئەو دۆخە بەردەوامبێت”.

لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا خەتیب زادە وتی، “بەرگەی زیاتر ناگرین و دەبێت ئەو گروپانە لە هەرێم بچنەدەرەوە و بارودۆخیان ڕێكبخرێت و چەكیان لێدابماڵدرێت”.

ئەم لێدوانەی سەفەوی دوای ئەوە دێت كە لەماوەی ڕابردوودا ئێران چەند جارێك لەڕێگەی كاربەدەستە سیاسی و سەربازییەكانییەوە، هەڕەشەی هێرشكردنەسەر بارەگای حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی نیشتەجێ لە باشووری كوردستان كردبوو.

پاشان و لە مانگی ڕابردوودا لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و تۆپخانەكانییەوە، ئێران گوندەكانی بۆڵاش، بۆرن و ئالانە-ی لە سنووری ناحیەی سیدەكان و باڵەكایەتی بۆردومانكرد و بارەگاكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بە ئامانجگرت.

دوای ئەو هێرشانە، لیوا محەمەد باقری، سەرۆك ئەركانی سوپای پاسدارانی ئێران وتی، چالاكییەكانی گروپە چەكدارەكان لەماوەی ئەمساڵدا زیادیانكردووە.

باقری داوایەكیشی ئاراستەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق كرد و ڕایگەیاند، “پێویستە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ڕێوشوێنی جددی بگرنەبەر و ڕێگەنەدەن چەكدارانی دژ بە ئێران سەربازگە و بارەگای ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە هەرێم دابمەزرێنن و هێرش بۆسەر سنوورەكانی ئێران ئەنجامبدەن”.

بابەتی پێشتر

ئەو كار و پیشانە چین كە تەمەنی مرۆڤ درێژدەكەن؟

بابەتی دواتر

نەهاتنی بەنزینەكەی بەغداد نرخی لە هەرێم بەرزكردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share