کاکە مەم بۆتانی، ئەستێرەیەکی دیکەی ئەدەبی کوردی کشا

کاکە مەم بۆتانی

ئەمڕۆ 25ی تشرینی یەکەم کاکە مەم بۆتانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، لەماوەی 15 ڕۆژدا کورد دوو ئەستێرەی ئەدەبیی گرنگی لێکشا و بەیەکجاری ماڵئاوایان کرد.

ڕۆژی 10ی ئەم مانگەش نوسەر و ئەدیبی کورد ع ع شەونم لە تەمەنی 95 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
کاکە مەم بۆتانی لە ساڵی 1937دا لە شاری کۆیە لە دایکبووە، باوکی کاکە مەم ناوی فەخری سامی سەید سلێمانە و باپیری کاکە مەم خەڵکی شاری (جزیرە)ی ناوچەی(بۆتان)ی باكووری كوردستانن، سامی باپیری لەوێ‌ هاتۆتە دنیاوە‌ و گەورە بووە، سامی فەرمانبەری فەرمانگەی پۆست ‌و تەلەفۆنی دەوڵەتی عوسمانی بووە، لەبەر ئەم هۆکارە گواستراوەتەوە شاری هەولێر‌ و لەو بوارەدا خزمەتی كردووە، ئیتر لەهەولێر جێگیر بووە‌ و تا كۆتایی ژیانی لەو شارە بووە و کە کۆچی دوایی کردووە لە مزگەوتی سەید سلێمان لەشاری جەزیرە بە خاک سپێردراوە.
کاکە مەم بۆتانی لە ئامێزی ئەو خانەوادە ڕۆشنبیرە لە دایکبووە و قۆناغەكانی خوێندنی لە هەرتەل و كۆیە‌ و سلێمانی ‌و كەركووك‌ و بەغداد تەواو كردووە، بڕوانامەی دبلۆمی لە پەیمانگای باڵای دارستان وەرگرتووە.
بۆتانی ، هەر زوو تێكەڵاوی جووڵانەوەی سیاسیی كوردستان بووە، سەرەتا بەخەباتی پیشەیی لەیەكێتیی قوتابیانی كوردستانەوە دەستی پێكردووە‌ و دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان درێژەی بە تێكۆشان داوە‌و ساڵی 1963وەك پێشمەرگە‌ و رابەری سیاسی بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە.
ساڵی 1964 دوای وتوێژی شۆڕش ‌و حكومەت، بەرەزامەندی سەركردایەتیی شۆڕش چۆتەوە بەغداد ‌و خوێندنی پەیمانگای دارستانی تەواو كردووە.
کاتێک پارتی دیموكراتی كوردستان دوو كەرت بوو، بۆتانی بێلایەنی هەڵبژارد‌ و لەگەڵ هیچ باڵێكدا كاری نەكرد، ساڵی 1974 وەك پێشمەرگە بەشداری شۆڕشی كردەوەتەوە.
ساڵی 1957 یەكەم چیرۆكی لە گۆڤاری (هەتاو)ی گیوی موكریانی بڵاو كردەوە و بەردەوامبوو لەبڵاو كردنەوەی بەرهەمەكانی لەو گۆڤارە‌ و گۆڤار و ڕۆژنامەكانی دیكەی وەك ( هیوا، ژین)‌و هەندێکی تر.
چیرۆكەكانی لەسەر ڕێبازێكی نوێ‌ دەنووسی‌ و جێگەی سەرنجی ئەدیبان‌ و ڕوناكبیران بوو، لەگەڵ شاعیران‌ و ئەدیبانی نوێخواز تێكەڵ بوو، لە ساڵی 1970لەگەڵ (حسێن عارف،شێركۆ بێكەس، جەمال شارباژێڕی، جەلالی میرزا كەریم)، گروپی (روانگە) یان بۆ نوێكردنەوەی ئەدەب ڕاگەیاند‌ و كاتی خۆی دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو.
لە 10ی شوباتی 1970 لەگەڵ چەند نووسەرو ئەدبێیكی هاوڕێیی ڕەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی عیراقیان وەرگرت‌ و رێكخراوی ( یەكێتیی نووسەرانی كورد) یان دامەزراند، كاكە مەم بۆتانی رۆڵی دیاری هەبوو لە ئامادەكردنی پەیڕەو و پرۆگرامی نووسەران ‌و وەرگرتنی مۆڵەتەكە.
کاکە مەم لە خزمەتی ئەدەب و زمان و ڕۆشنبیری کوردیدا بەردەوام بووە و لەوکاتەوە تا ئێستا تا ساڵی 2016 بەردەوامبووە لە نوسین و بەیانی ڕۆژی 25ی تشرینی یەکەم گیانی سپارد.
بابەتی پێشتر

هەڵەبجە لە یاسای هەڵبژاردنەكان نازناوی پارێزگای لێسەندراوەتەوە

بابەتی دواتر

چارەنووسی گەنجەكەی ناحیەی بەمۆ یەكلابووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share