10 ئامۆژگاری بۆ خوێندنەوەی تێکستێکی فەلسەفی: چۆن کتێبی فەلسەفە بخوێنینەوە؟

ئاندریا بۆرجینی، توێژەر لە بواری فەلسەفە و مێتافیزیک و ئەخلاق، وتارێکی لە ماڵپەڕی “ThoughtCo”ـدا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا 10 ئامۆژگاری خستووەتەڕوو بۆ خوێندنەوەیەکی باشتری تێکستێکی فەلسەفی، بەتایبەتی ئەگەر یەکەمجارت بێت بتەوێت تێکستێکی فەلسەفەی بخوێنیتەوە.

ئاندریا بۆرجینی نووسیوویەتی، “بۆ یەکەم جار تێکستێکی فەلسەفیت هاتووەتە بەردەم. دەشبینیت هیچ لە ڕۆمانێک یان لە لاپەڕەیەکی ویکیپێدیا ناچێت. دەی کەواتە چۆن لێی بچیتە پێشەوە و بیخوێنیتەوە”؟

1. خوێندنەوە لەپێناو تێگەیشتن
با لە سەرەتاوە بەرچاوڕوونییەکمان لەسەر بابەتەکە هەبێت. ڕەچاوی ئەو خاڵە بکە کاتێک تێکستێکی فەلسەفی دەخوێنیتەوە، لە ڕاستیدا ئەوەی دەیکەیت تێگەیشتنە لە تێکستێکی نووسراو. ئەمەش جیاوازییەکی زۆری لە خوێندنەوەی نووسراوەکانی دیکە هەیە، بەوپێیەی وەک خوێندنەوەی لاپەڕەی ڕۆژنامەیەک بۆ کۆکردنەوەی زانیاری نییە، یان وەک خوێندنەوەی ڕۆمانێک نییە “بۆ ئەوەی چێژی لێ ببینیت”. خوێندنەوەی فەلسەفە، ڕاهینانە لەسەر تێگەیشتن، دەبێت بەم شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

2. فەلسەفە پەیوەستە بە گفتوگۆوە
نووسینی فەلسەفی نووسینی تێکستێکی قایلکەرە. کاتێک تێکستێکی فەلسەفی دەخوێنیتەوە، ئەوا بۆچوونی نووسەرێک دەخوێنیتەوە کە دەیەوێت بە ماقوڵی و ناماقوڵیی شتێک قایلت بکات. بۆچوونی نووسەرەکە پەسەند دەکەیت؟ بۆ بڕیاردان لەسەر پەسەندکردنی، دەبێت هەموو بیرۆکەکانی ناو کتێبەکە و ستراتیجەکانی نووسین و گوتاری کەسەکە تێبگەیت.

3. کاتی خۆت وەربگرە
تێکستی فەلسەفی چڕ و قورسن. لە کاتی خوێندنەوەدا ئامانجی واقعی دابنێ. ئەگەرچی خوێندنەوەی لاپەڕەی ڕۆمانێک ڕەنگە تەنها 30 چرکە بخایەنێت، بەڵام خوێندنەوەی هەندێک لاپەڕەی کتێبی فەلسەفی 10 خولەک زیاتر دەخایەنێت.

4. دەستنیشانکردنی بیرۆکەی سەرەکی
پێش دەستکردن بە خوێندنەوەی جددی تێکستەکە، تەماشەیەکی خێرای بکە بۆ ئەوەی بیرۆکە سەرەکییەکانی نووسەر و بونیاتی تێکستەکەت پێبگات. ئەگەر تێکستەکە وتارێکە، ئەوا بەشی یەکەم و کۆتای بەتەواوی بخوێنەرەوە. ئەگەر ئەوەشی دەیخوێنیتەوە کتێبە، ئەوا تەماشای خشتەی ناوەڕۆک یان پێڕستی کتێبەکە و تێبینییەکانی سەرەتا بکە. دواتر ئامادە دەبیت تێڕابچیتە ناو تێکستەکە و بەتەواوی و زیرەکانە بیخوێنیتەوە.

5. تێبینیەککانت بنووسەرەوە
قەڵەمێکی ڕەساس و قەڵەمێکی ڕەنگاوڕەنگ هەڵبگرە، ئەوەی بەلاتەوە گرنگە ڕەنگی بکە، واتە لەو شوێنانەی پرسە سەرەکییەکان دەخرێنەڕوو و باس لە چەمکە سەرەکییەکان دەکرێت، هەروەها کە ئارگۆمێنت و هۆکارە سەرەکییەکان دەخرێنەڕوو. هەڵبەت خاڵە لاوازەکانی کۆی تێکستەکەش دەستنیشان بکە.

6. ڕەخنەگرانە بیربکەرەوە
ئەرکی تۆ وەک خوێنەری تێکستی فەلسەفی، ئەوەیە زانیارییەکان بەو شێوەیە وەرنەگریت، کە لە خوێندنەوەی کتێبێکی بایەلۆجی وەریدەگریت، بەڵکو لە گفتوگۆی کتێبەکەدا بەشداربە. ڕەنگە هاوڕا بیت و ڕەنگە هاوڕاش نەبیت، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا دەبێت بزانیت بۆچی بۆچوون و هەڵوێستێکی لەوشێوەیەت وەرگرتووە. لە کاتی خوێندنەوەدا بەدوای عەیبوعارەکانی ئارگۆمێنتی نووسەردا بگەڕێ و خوێندنەوەی بۆ بکە. ئەگەر خوێندنەوەی تێکستەکە ئەرکێکی خوێندنگە و زانکۆیە، ئەوا دەخوازێت لەبارەی هەڵوێستی خۆت لەسەر ئارگۆمێنتەکەی بنووسیت یان بدوێیت.

7. بەڵام پەلەپەل بیرمەکەرەوە

عادەتەن ڕەخنەی فەلسەفی لەگەڵ بیرکردنەوەی بەپەلەدا ناگونجێت. فەلسەفە تێڕامانە؛ ئاساییە لە کاتی خوێندنەوەدا بیربکەیتەوە، بەم شێوەیەش دەبێت بەلای کەمەوە سێجار بە هەڵوێستەکانت لەسەر ئارگۆمێنتی بەرانبەر بچیتەوە، تاوەکو لە دروستییەکەی دڵنیا بیت. ڕەنگە بۆت ڕوون ببێتەوە کە تێڕوانین و ڕەخنەکەت بەشێوەیەکی خراپ بونیاتنرابێت، لەبەر ئەوە هەردەم پابەندی لەخۆبوردەیی و خۆڕاگری و درشتبوون ببە.

8. پەرە بە هاوخەمی و خۆڕەخنەکردن بدە
لەپێناو بونیاتنانی توانایەکی بێوێنە لە خوێندنەوەی تێکستی فەلسەفی، پێویستە پەرە بە کەمێک هاوخەمیی فەلسەفی و خۆڕەخنەکردن بدەیت. نووسینی فەلسەفی کارێکی قورسە. هاوخەم بە، کاتێک دەگەیتە هەندێک ڕەخنە، وێنای ئەوە بکە لەجێی بەرانبەرەکەتیت و هەوڵبدە وەڵامی ڕەخنەکانی خۆت بدەیتەوە. ئەم ڕاهێنانە دەتوانێت پەرە بە تێگەیشتنت بدات بۆ هەر تێکستێکی فەلسەفی، ئەویش لەڕێی ڕوونکردنەوەی تێڕوانینە جیاوازەکان، کە پێشتر ڕوون نەبووە.

9. دووبارە تێکستەکە بخوێنەرەوە
لەو کاتەی بە تێبینییە ڕەخنەییەکانتدا دەچیتەوە و پوختەیان دەکەیتەوە، جارێکی دیکە تێکستەکە بخوێنەرەوە بۆ نوێکردنەوەی یادەوەریت، بیرکردنەوەت قوڵبکەرەوە و دڵنیا ببەرەوە لەوەی ڕاڤەت بۆ ئەو مەبەستەی نووسەر هەیە، ڕاست و دروستە.

10. بەشداری گفتوگۆی فەلسەفی بکە
یەکێک لە باشترین ڕێگەکانی تێگەیشتنی تێکستێکی فەلسەفی و شیکردنەوەی، گفتوگۆکردنیەتی لەگەڵ کەسانی دیکە. ئاسان نییە هاوڕێیەک بدۆزیتەوە گرنگی بە گفتوگۆی فەلسەفی دوورودرێژ بدات، بەڵام عادەتەن هاوپۆلت دەبینیت ئامادەن گفتوگۆ بکەن. پێکەوەش دەتوانن بگەن بە ئەنجامێک، کە پێشتر بەتەنها پێی نەگەیشتبوویت.

بابەتی پێشتر

گەڕانەوەی ئەبەدی لە زنجیرەی 'Dark'ی ئەڵمانی

بابەتی دواتر

پنتاگۆن لە مانگی تەمموزدا تۆڕی 5G لە بنکەیەکی ئاسمانی لە ئەمریکا دادەمەزرێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share