لە لوتکەی بێهێرشبەردا ئیتاڵیا ڕووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە

ئەمشەو چوارشەممە، لەچێوەی یارییەکانی قۆناغی نیوەی کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپا و لە یاریگای سان سیرۆ کاتژمێر (9:45) یاریی لوتکە لەنێوان هەڵبژاردەکانی ئیتاڵیا و ئیسپانیا ئەنجامدەدرێت.

براوەی یارییەکەش یەکشەممەی داهاتوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان بەلجیکا و فەرەنسا یاریدەکات.

لەسەر ئاستی مێژوویی، ئیسپانیا کەمێک باڵادەستترە، لەکۆی 34 یاریی مێژوویی نێوان دوو هەڵبژاردەکە، ئیسپانیا 12 بردنەوەی تۆمارکردووە، بەرامبەر 10 دۆڕاندن و 12 یەکسانبوون.

لەکۆی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانەش کە لە خول و پاڵەوانێتییەکان ئەنجامیانداوە، ئیسپانیا چوار بردنەوە و پێنج دۆڕاندن و چوار یەکسانبوونی لە 13 یاریدا تۆمارکردووە.

لوتکە بەبێ هێرشبەر

لویس ئێنریکی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بەردەوام ڕووبەڕووی ڕەخنەی میدیاکان دەبێتەوە، بەوپێیەی لە پێکهاتەکانیدا پشت بە هێرشبەری سەرەڕم نابەستێت، بەڵکو پشت بە فیران تۆرێس و میکێل ئۆیارزابال دەبەستێت وەک هێرشبەری سەرەڕمی نادیار.

لەبەرامبەردا هێرشبەرانی ئیتاڵیا لەنمونەی چیرۆ ئیمۆبێلی و ئەندریا بیلۆتی بەهۆی کارانەبوونیان لەبەردەم گۆڵی ڕکابەران، لەلایەن میدیاکانەوە بە هێرشبەری سەرەڕم و یەکلاکەرەوە ناونابرێن، سەرەڕای ئەوەی لە یانەکانیان باشترین ئاستیان پێشکەشکردووە.

جگە لەو هێرشبەرانە، ئیتاڵیا خاوەنی چەند هێرشبەرێکی دیکەیە لەنمونەی مۆیس کین و ڕاسپادۆی، کە ئەزموونی سەرەکیبوونیان لە پێکهاتەیەکی گەورەی وەک سکوادرا ئازۆرادا نییە.

بابەتی پێشتر

زمانی كوردی لە بەغداد پەراوێزخراوە.. پەرلەمانتارێك كاربەدەستانی كورد بە كەمتەرخەم دادەنێت

بابەتی دواتر

فیلیپ لام هه‌ڵوێستی ئه‌ڵمانیای له‌باره‌ی مۆندیالی دوو ساڵه‌وه‌ ئاشکراکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share