چی دەبێت ئەگەر ئەردۆغان نەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2023 خۆی كاندیدبكات؟

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان

چاوەكان لەسەر توركیان كە پێشبینی دەكرێت هەڵبژاردنی گشتیی لە ساڵی 2023دا ئەنجامبدات، لەكاتێكدا پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار بەدەست لاوازی ئاستی جەماوەرییەوە دەناڵێنێت.

لەم نێوەندەدا پرسێكی دیكە بە جدی چاوی لەسەرە و پەیوەندیدارە بە تەندروستیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان كە وادەردەكەوێت نەتوانێت خۆی بۆ ویلایەتێكی نوێ كاندیدبكاتەوە.

لەم چەند مانگەی دواییدا چەند دیمەنێكی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە كە سەرۆكی توركیا بە تەندروستیی باشەوە نابینرێت. لە یەكێكیاندا بۆ نمونە ئەردۆغان بێتوانا دەردەكەوێت و پێویستی بە هاوكاریی هاوسەرەكەی و پاسەوانەكانیەتی بۆ هاتنەخوارەوە لە چەند پلیكانەیەك. لە دیمەنێكی دیكەدا وادەردەكەوێت گرفتی هەیە لە ڕۆیشتن و چوون بەرەو گۆڕی مستەفا كەمال ئەتاتورك، دامەزرێنەی توركیا. لە ڤیدیۆی سێیەمدا كە مانگی تەمموزی ڕابردوو بڵاوبووەوە و دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا ئەردۆغان بە شەكەتی دەردەكەوێت كاتێك وتارێكی تەلەفزیۆنی دەدات، تەنانەت چاوەكانی بۆ ماوەیەك دادەخات.

https://youtu.be/AGZFMVlD_YM

دەنگۆكانیش دەربارەی تەندروستیی سەرۆكی توركیا لەوانەش قسە لەبارەی بوونی گرفتی لەبیرچوونەوە و كێشەی هەناسەدان و لەرزین و چەندینی دیكە شەقامی وڵاتەكەی تەنیوە. بەپێی ئەو گێرانەوانە ئەردۆغان ژمارەی پزیشكەكانی چواردەوری زیادكردووە و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان كەمكردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆغان لە چەند بۆنەیەكی دیكەدا بە تەندروستیی باشەوە دەركەوتووە.

لە گۆڤاری (فۆرین بولیسی)ی ئەمریكی ستیڤن ئەی كوك، گەورە توێژەری توێژینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە (ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان)ی ئەمریكا دەپرسێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕاستبوون یان ناڕاستی ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تەندروستیی ئەردۆغانەوە دەوترێت، چی دەبێت ئەگەر بەتەواوی نەخۆش بێت؟ چی ڕوودەدات ئەگەر نەتوانێت لە ساڵی 2023دا خۆی بپاڵێوێت؟

بەپێی ماددەی 106ی دەستووری توركیا، فوئاد ئۆكتای، جێگری سەرۆك ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان دەگرێتەدەست تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەماوەی 45 ڕۆژ و سوێندخواردنی یاسایی سەرۆكی نوێ.

دەربارەی سیناریۆ پێشبینیكراوەكان، كوك پێیوایە پارتی داد و گەشەپێدان ڕووبەڕووی دابەشكاری دەبێتەوە و ئەمەش ڕێگای كێبڕكێی هەڵبژاردن دەكاتەوە بۆ هاتنەپێشەوەی بەرهەڵسكارە سیاسییە سەرەكییەكانی وڵاتەكە. لەنێویشیاندا بۆ نمونە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ، سەرۆك شارەوانی ئیستەنبوڵ یان مەنسور یافاش، سەرۆك شارەوانی ئەنقەرە كە هەردووكیان سەر بە پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنن. هەروەك میڕال ئەكشینار سەرۆكی پارتی خێر هەیە كە بە بەرهەڵستییە بەهێزەكەی بەرامبەر ئەردۆغان و پارتەكەی ناسراوە.

لەنێو بازنەی چواردەوری ئەردۆغان-یش چەندین كەسایەتی دەسەڵاتداری ئێستا هەن وەك هاكان فیدان، سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری و سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆ. كوك دەڵێت، ئاكار بەچانسترینە بۆ سەرۆكایەتی، ئەمەش بەهۆی نائاگایی جەماوەری وڵاتەكە بە فیدان بەهۆی سروشتی كارە هەواڵگرییەكەی، هەروەها وێنای سۆیلۆ بەمدواییە زیانی گەورەی بەركەوت دوای ئەوەی یەكێك لە مافیاكانی توركیا باسی لەوەكرد كە بە گەندەڵی و تاوانی ڕێكخراوەوە تێوەگلاوە.

كوك ئاماژەی بەوەشكرد كە هەندێك لە واشنتن وای دەبینن وەزیری بەرگریی توركیا كەسێكی گونجاوە و دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، سەرەڕای ئەوەی هیچ كەس پێشبینی ناكات بەرامبەر ویلایەتە یەكگرتووەكان نەرم بێت.

لەگەڵ ئەوەی هیچ ڕێگایەكی دروست نییە كە لەڕێیەوە دڵنیایی لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئێستای سەرۆكی توركیا و توانای بەشداری لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023 بزانرێت، بەڵام سیاسەتی توركیا بەڕووی سەرجەم ئەگەرەكان كراوەیە لەوانەش گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو بۆ ئەردۆغان یان فەراهەمبوونی دۆخێكی سەقامگیری سیاسی گەورەتر و هەتا دوایی.

كۆك لە كۆتایدا دەڵێت، “هەڵەیەكی گەورە دەبێت ئەگەر ئەو ئاماژانەی نیشانیدەدەن كە تەندروستیی سەرۆكی توركیا بەرەو خراپبوونی زیاتر دەڕوات پشتگوێ بخرێن”.

س: مۆنت كارلۆ

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. ئۆتۆمبێلی نوشتاوە خرایەڕوو

بابەتی دواتر

مۆزەخانەیەک لە پاشماوە پلاستیکییەکان دەکرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share