مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، شەوی 31ی تەموزی 2020، بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی لە بەرواری 6ی حوزەیرانی 2021 ئەنجام بدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراقی هەموارکردەوە و دوێنێ شەممە 24ی تشرینی یەکەم پەرلەمان هەموارەکەی پەسەند کرد و پارێزگاکانی عێراقی (جگە لە پارێزگای کەرکوک و نەینەوا) بەسەر 83 بازنەدا دابەشکرد.
“یاسای هەڵبژاردنی عێراق كێشەی یاسایی هەیە”
دانا جەمیل، ئەندامی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردنەکان لەبارەی لایەنی یاسایی و زانستیی یاساکە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بازنەکانی هەڵبژاردنەکان کە دوێنێ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندکرا، لەسەر بنەمای کۆتای ژنان سیستمەکەی دانراوە، سیستمەکە لە ڕووی یاساییەوە لە بازنەکاندا هیچ گرفتێکی نییە، بەڵام ناوی سیستمەکە کە بە براوەی یەکەم ناوی هاتووە و لە ناو سیستمەکەدا بە ناوی یەک دەنگی نەگواستراوە دانراوە کێشەی یاسایی هەیە چونکە ڕاشکاو و ڕوون نییە”.
ئەو ئەندامەی پەیمانگای کوردی كە تایبەتە بە پرسی هەڵبژاردنەكان ئاماژەی بەوەشكرد، “یاساکە لەڕووی زانستی و ئەکادیمییەکەیەوە کێشەی تێدایە، ئەوەندەی دۆخی عێراق لەبەرچاو گیراوە ئەوەندە بیر لەلایەنی زانستیی سیستمەکە نەکراوەتەوە یاساکە ڕاشکاو نییە ناوەکەی جۆرێکە و لە ناو یاساکەدا گۆڕاوە بە جۆرێکی دیکە”.
“لە دانانی ئەو یاسایەدا خواستی خۆپیشاندەران لەبەرچاو گیراوە لەوەی کە بازنەکان بچوک بکرێنەوە و کورسییەکان دابەشبکرێن، هەروەها هەوڵدراوە ئەو لایەنانەی لەناو پەرلەماندان هاوسەنگی لەنێوانیاندا ڕابگیرێت و لەگەڵ ئەوەشدا دۆخی عێراق لەبەرچاوبگیرێت تاوەکو بەزوترین کات هەڵبژاردن بکرێت”، دانا جەمیل وای وت.
“یاساكە كێشەی دەستووری و یاسایی نییە”
لای خۆیەوە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەبارەی یاساکەوە بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “یاساکە هیچ کێشەیەکی دەستووری و یاسایی نییە، ئەم یاسایە بەجۆرێکە ژمارەی کورسییەکانی هەر پارێزگایەک بە هەمان شێوەی پێشوو دەبێت بەڵام دابەشدەبێت بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا، سەرجەم عێراقیش لەسەر بنەمای کۆتای ژنان کراوە بە 83 بازنە، لە هەر چوار کورسییەکی پەرلەمانی بەپێی زۆرینەی دەنگ سێ کورسییان دیاریدەکرێت و چوارەمیان کۆتایە”.
کاریگەرییەکانی بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر دەنگەکانی کورد
سەبارەت بە سود و زیانەکانی یاسا هەمواركراوەكەی هەڵبژاردنی عێراق لەسەر پێگەی كورد، دانا جەمیل ئاماژەی بەوەکرد، یاساکە زیانی بۆ کورد نییە لە هەرێمی کوردستان، چونکە مەودایەکی زیاتر دەدات بە دەنگدەر کە کاندیدەکان زیاتر بناسێت، کاندید لە بازنەیەکی بچوکدا دیاریدەکرێت، هەروەها دەنگدەر ڕاستەوخۆ دەنگ بە کاندیدەکە دەدەن، بۆیە پابەندییەکانی کاندیدیش بە بەڵێنەکانی و بەرپرسیارێتییەکانی زیاتر دەبێت.
ئەندامەكەی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتیشی، “لەلایەکی دیکەوە حزبەکان دەنگیان پێنادرێت، حزب تەنها دەتوانن بانگەشە بۆ کاندیدەکان بکەن چونکە دەنگدەر ڕاستەوخۆ دەنگیان پێدەدات و دەنگ بە حزب نادات”.
دانا جەمیل هۆشداریشیدا لەوەی، “لە ناوچە جێناکۆکەکان کورد پێویستی بە ڕێککەوتنە بۆئەوەی دەنگەکانی لەبەرامبەر عەرەبدا پەرتەوازە نەبێت، چونکە ناوچە جێناکۆکەکان کە تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە ئەگەر بە هەمان شێوەی پارێزگاکانی دیکە دابنرێت دەنگی کورد دەبێت بۆ یەک کاندیدی کورد بڕوات ئەگەرنا دەنگەکان پەرتەوازە دەبن”.
سەبارەت بە یاسا نوێیەكە ئەندامەكەی پەیمانگا كوردییەكە دەڵێت، ئەو سیستمەی ئێستا هەیە دەنگەکان دابەشدەبن بەسەر کورسییەکانی هەر بازنەیەکدا لە یەکەمەوە هەر کاندیدێک دەنگی زۆی بەدەستهێنابوو کورسی پەرلەمانی دەبات، لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی کاندیدەکان ناڕوات بۆ یەکێکی دیکە.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە جەختیکردەوە، “کورد لە ناوچە جێناکۆکان زیانی بەردەکەوێت لەم یاسایەدا چونکە دەنگێکی زۆر بەهەدەر دەڕوات بەبێ ئەوەی کورسی تەواو بکات، بۆیە کورد کێشەی لەگەڵ دیاریکردنی ناوچە جێناکۆکەکان هەیە بەو سیستمە و دوێنێش دەنگ لەسەر بازنەکانی کەرکوک و نەینەوا نەدرا”.
بازنەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی هەرێم بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق
یاسا هەمواركراوەكە، عێراقی بەمجۆرە دابەشکردووە بەسەر بازنەکاندا، 17 بازنەی هەڵبژاردن بۆ بەغداد و شەش بۆ بەسڕە، پێنج بازنە بۆ هەریەك لە زیقار و سلێمانی و چوار بازنەش بۆ هەریەك لە بابل و ئەنبار و هەولێر و دیالە، سێ بازنەش بۆ هەریەك لە نەجەف و سەڵاحەدین و دهۆك و دیوانیە و كەربەلا و واست و میسان، دوو بازنەش بۆ پارێزگای موسەنا.
پارێزگای هەولێر
دابەشکراوە بەسەر چوار بازنەدا، کە پێکهاتووە لە بازنەی سۆران و مێرگەسوور و ڕەواندز و چۆمان و شەقڵاوە چوار کورسی، بازنەی دەشتی ھەولێر و گوێڕ و خەبات چوار کورسی، بازنەی ڕۆژئاوای قەزای ھەولێر سێ کورسی، بازنەی ڕۆژھەڵاتی قەزای ھەولێر چوار کورسی.
پارێزگای سلێمانی
دابەشکراوە بەسەر پێنج بازنەدا، بازنەی باکووری سلێمانی و شارباژێڕ و ماوەت چوار کورسی، باشووری سلێمانی و قەرەداغ سێ کورسی، بازنەی ھەڵەبجە و سەید سادق و شارەزور سێ کورسی، پشدەر و ڕانیە و دوکان چوار کورسی، بازنەی کەلار و دەربەندیخان و کفری و چەمچەماڵ و بەشێک لە خانەقین چوار کورسی.
پارێزگای دهۆک
لە سێ بازنە پێکهاتووە، بازنەی ناوەندی دھۆک و ئامێدی چوار کورسی، زاخۆ و سیمێڵ سێ کورسی، بازنەی عقرە و شێخان و بەردەڕەش چوار کورسی.