ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەق باس لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق دەكات لەلایەن پێكهاتەی عەرەبەوە، بەو بیانووەی كورد كار بۆ پارچەپارچەكردنی عێراق دەكات.
سەعد سەعدی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەق، كە لەلایەن قەیس خەزعەلی-یەوە سەركردایەتیی دەكرێت و سەر بە حەشدی شەعبییە، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، “پێكهاتەكانی عێراق بە كورد و سوننەوە هەر یەكەیان بەناوی دەستكەوتەكانی خۆیانەوە قسە دەكەن، تەنها ئێمەین (شیعە) بەناوی یەكگرتوویی عێراقەوە قسەدەكەین”.
ئەو سیاسییە شیعییە، كوردیشی بە هەنگاونان بۆ پارچەپارچەكردنی عێراق تۆمەتبار كرد، وتی، “پڕۆژە پیسەكانیان” بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە بۆ ڕێزنەگرتنیان لە مەركەزییەتی دەوڵەت.
بۆیە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەق باسی لە ئەگەری لێسەندنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كرد لە كورد، ڕایگەیاند، “سووربوونی كورد لەسەر دووركەوتنەوە لە سەروەری، وامانلێدەكات پشتگیریی ئەوە بكەین كە سەرۆك كۆمار عەرەب بێت و پابەندی عروبەتەكەی بێت”.