وتەبێژی حكومەتی عێراق: بەمنزیكانە بڕێك پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دراوە و دەشڵێت، “بەمنزیكانە” دەبێت.

حەسەن نازم، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق دەربارەی ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە. برێك پارەیە بۆ پێدانی موچە لە کوردستان، دواتر لە پشکی هەرێمدا چارەسەردەکرێت، ڕێککەوتنی لەسەرکراوە و ئەنجومەن بڕیاری لەسەر داوە، بەڵام کەی خەرج دەکرێت ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە، بەدڵنیایی بەمنزیکانە دەبێت، تەنها کاری تەکنیکی ماوە بۆ دابینکردن و ناردنی ئەو پارەیە”.

نازم لەمیانەی كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی هەفتانەی خۆیدا دوابەدوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی، “کاتێک ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕیارەی دا، بە لایەنی مرۆیی ئەو بڕيارەی داوە. زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە کوردستان چەند مانگێکە موچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە بەرپرسین لە دابینکردنی ئەو پارەیە بۆیان”.

لە 15ی ئەم مانگە ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی داتا و ئامارەكانی نەوت و داهاتی نانەوتی.

وتیشی، “پارەكە لە مانگی كانونی یەكەمەوە خەرجدەكرێت، مەرجەكەشی ئەوەیە پاش پێداچوونەوە بێت بە داتا و ئامارەكان و تەنها بۆ موچە خەرجبكرێت”.

هەفتەی ڕابردووش جوتیار عادل وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، وادەی ناردنی ئەو 200 ملیار دینارەی تایبەت بە پشكی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە دەكەوێتە سەر بڕیاری حكومەتی عێراق.

وتیشی، هێشتا بڕیار لەسەر لابردنی لێبڕینی موچە نەدراوە، بەڵام “زۆر پەرۆشی دابەشكردنی موچەین بەبێ لێبڕین”.

بابەتی پێشتر

عێراق فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆ پاراستنی هێڵەكانی كارەبا دەخاتەكار

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ئینگلتەرا و کرواتیا بلیتی قۆناغە یەکلاکەرەوەکانی یورۆیان بڕی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share