سبەینێ‌ دادگاییكردنی چوار چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەدەچێت

بڕیارە سبەینێ‌ دادگاییكردنی چوار چالاكوانی دیكەی بادینان بەڕێوەچێت كە ماوەی 14 مانگە زیندانیكراون.

ئاسۆ هاشم، پارێزەری چالاكوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سبەینێ دووشەممە دوای 14 مانگ زیندانیكردنیان چوار چالاكوانی دیكەی بادینان لە هەولێر دووەمین دانیشتنی دادگاییكردنیان بەڕێوەدەچێت.

وتیشی، هەر چوار چالاكوانەكە بەناوەكانی (مەسعود عەلی، شیروان تەھا ئەمین، بەندەوار ڕەشید و کارگەر عەباس) تۆمەتی “تێکدان، ئاژاوگێڕی، ھەوڵی تیرۆر و تەقاندنەوە” دراوەتە پاڵیان.

هاوكات، عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری كوردستان لەهەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، “پێشتر لە دادگا ئامادەبووم، بە وردی گوێم لەو تۆمەتانە گرت كە ئاراستەیان کرابوو و تۆمەتبارکرابوون بەوەی ڕێکخراوێکیان دروستکردووە بەناوی (حركە مستقبل)، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش تۆمەتبارکرابوون بەوەی ویستویانە هەوڵی تیرۆرو تەقاندنەوە و گروپی چەکدار دابنێن! و کوڕی سەرۆکی حکومەت و پارێزگار تیرۆر بکەن”.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەشكردووەتەوە، “بچوکترین بەڵگە بۆ ئەم تۆمەتە نەبوو چەکێک نەگیراوە، تەقەمەنیەک نەگیراوە، دانپێدانان و بەڵگەو شاھیدێک بونی نیە”.

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت، “ھیوامان وایە سبەی دادگا بە دادپەروەرانە بڕیاری ئازادکردنیان بدات و چی دیکە کەس دەستێوەردان نەکات لە کاروباری دادگا”.

بابەتی پێشتر

پێشبینی ساڵانی ژیان لە سلێمانی 72 ساڵە

بابەتی دواتر

لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share