نووسینکەی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەکاتێکدا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بڕێکی کەمتر لە خواستی هاوڵاتییان غازی ماڵان گەیشتە شاری هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکی هەلپەرستەوە نرخی غاز گرانکرا.
لە ڕوونکردنەوەیەکدا پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا بەهۆى کێشەیەکى تەکنیکى بڕێکى کەمى غازى ماڵان دەگەیشتە شارەکەمان کە نەدەتوانرا پێداویستیى تەواوى هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دابینبکات، ئەمەش وایکرد لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئەوهەلە بقۆزرێتەوە و نرخى غازى ماڵان تا ڕادەیەک بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “دڵنیایى بە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەمان دەدەین لەئێستادا بڕى پێویستى غازى ماڵان گەیشووەتە شارەکەمان و نرخى هەر بوتڵێک غازى حکومى و تایبەت لە 8,500 هەشت هەزار و پێنج سەد دینار زیاتر نییە، هەر کەس و لایەنێک لەو نرخە زیاتر غاز بفرۆشێت بە هاوڵاتییان ئەوا دووچارى ڕێکارى یاسایی دەبێتەوە و سزا دەدرێت”.
لەماوەی هەفتەیەکدا لە شاری هەولێر نرخی غازی ماڵان بەرزبوویەوە بۆ سەرووی 10 هەزار دینار و نیگەرانیی بەشێک لە هاوڵاتییانی ئەو شارەی بەدوای خۆیدا هێنا.