پرۆسەی ماندێلا.. دوایین پڕۆژەی مام جەلال

محەمەد ئەمین پێنجوێنی، سیاسەتمەدار و نووسەر، كە دۆستایەتیی تەواوی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال و عەبدوڵا ئۆجەلاندا هەبوو، لە یاداشتەكانیدا باس لە دوایین پڕۆژەی سەرۆك مام جەلال دەكات، كە تایبەت بووە بە بەستنی كۆنفرانسێكی تایبەت بە ئاشتی لە ناوچەكە، هەروەها هەوڵ بۆ باشتركردنی دۆخی زیندانیكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان.

محەمەد ئەمین پێنجوێنی لە یاداشتەكانیدا باسی لە پڕۆژەیەكی سەرۆك مام جەلال كردووە، كە بەنیازبووە كاری لەسەر بكات و ناوبراو لە نزیكەوە ئاگادار بووە، بەو پێیەی ڕۆژی 17/12/2012، لەسەر داوای مام جەلال، پێنجوێنی چووەتە بەغداد، ئەوكات مام جەلال وردەكاریی پڕۆژەكەی بۆ محەمەد ئەمین پێنجوێنی ئاشكراكردووە.

بەپێی گێڕانەوەی سیاسەتمەدارەكە، مام جەلال پێی ڕاگەیاندووە، دەیەوێت لە بەغداد کۆنفراسێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سازبكات، لەوبارەیەوە بان كی مۆن، سكرتێری گشتیی ئەوكاتی نەتەوە یەكگرتووەكانی لە ویستەكەی ئاگاداركردووەتەوە و خۆشحاڵ بووە بە بیرۆكەكە.

مام جەلال ئاشكراشیكردووە، سەرۆكی چەند وڵاتێكی ئەوروپی لە نمونەی فەرەنسا و یۆنان، سەرۆکی یەکێتیی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا، هەروەها لەڕێگەی کۆندالیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریکاوە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكای ئاگاداركردووەتەوە لە نیازی بەستنی كۆنفرانسەكە، ئەمە جگە لەوەی یاداشتێكی داوە بە سەرۆکایەتی (سۆسیال دیموکرات ئینتەرناسیۆناڵ).

محەمەد ئەمین پێنجوێنی لە بەردەوامیی گێڕانەوەكەیدا ئاشكرایكردووە، هەر ئەوكات مام جەلال پێی ڕاگەیاندووە، “تورکەکانیشم دواندووە و بەم هەوڵانەم دەزانن”.

پێنجوێنی دەشڵێت، ئەوكات مام جەلال داوایلێكردووە بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و چەند ئەركێك ئەحمەد تورک، سەڵاحەدین دەمیرتاش، لەیلا زانا و ژنێكی دیكە لە خێزانی ئۆجەلان ئاگاداربكرێنەوە، كە 1/1/2013 لە سلێمانی بن، هەروەها لە قەندیلەوە دوو کەس، كە پێنجوێنی ناوەكانی ئاشكرانەكردووە، بانگ بكرێن و پڕۆژەكەیان بۆ باسبكرێت، ئەگەر ڕازیبوون، ئەوكات دەست بە پڕۆژەكە بكرێت.

داواكارییەكی دیكەی مام جەلال لە پێنجوێنی ئەوە بووە كە “هەتا 1/1 كە خۆم دێمەوە بۆ سلێمانی، تۆ ئەدرەس و ناوی ئەو کەسانەم بۆ وەرگرە، کە خەڵاتی ئاشتی نۆبڵیان وەرگرتووە لە جیھاندا”، ئەمە جگە لەوەی مام جەلال بە سەرپەرشتیی خودی خۆی لیژنەیەکی ئامادەکاریی بۆ کۆنفرانسەکە پێكهێناوە و محەمەد ئەمین پێنجوێنی كردووە بە سكرتێری لیژنەكە.

هەر لەو یاداشتانەیدا، پێنجوێنی پرۆگرامی كۆنفرانسە ویستراوەكەی مام جەلالی ئاشكراكردووە، كە بەمشێوەیە بووە، “گفتوگۆی ئاشتی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست”، “گفتوگۆی شەڕی کورد و دەوڵەتی تورکیا”، “ئازادکردنی ئۆجەلان، یان ھێنانەدەرەوەی لە زیندان و جێگیرکردنی لە شوێنێكی تایبەتیدا، تا بتوانێت دەستکراوە بێت لەکارکردن بۆ ئاشتی”، هەروەها “ھەوڵدان بۆ وەرگرتنی بڕیاری وەستاندنی شەڕ لە تورکیا و ناچارکردنی دەوڵەتی تورکیا بە دانوستاندن لەگەل پەکەکە”.

سیاسەتمەدارەكە ئاشكراشیكردووە، مام جەلال پرۆسەكەی ناو ناوە “پرۆسەی ماندێلا”، بەڵام ئێوارەی هەمان ڕۆژ، 17/12، مام جەلال نەخۆشدەكەوێت و پڕۆژەكەی جێبەجێ ناكرێت.

بابەتی پێشتر

ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ئەنبار تەقێندرایەوە

بابەتی دواتر

فیلمی ئەزموون خەڵاتێكی نێودەوڵەتی بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share