بۆچی 3ی تشرینی یەكەم بە ڕۆژی نیشتمانیی عێراق دیاریكراوە؟

كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتیی عوسبەت ئومەم

سبەی 3ی تشرینی یەكەم بە ڕۆژی نیشتمانیی عێراق دیاریكراوە و بەو بۆنەیەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان كراوەتە پشوو، كەواتە دیاركردنی ئەو ڕۆژە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە 3ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1932 كۆمەڵەی گشتیی (عوسبەت ئومەم) ڕەزامەندیدا لەسەر قبوڵكردنی عێراق وەك ئەندامێك لە كۆمەڵەكە پشتبەست بە داواكارییەك كە لەلایەن شانشینی عێراقی ئەوكات بە واژووی نوری پاشا سەعید، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات لە 12ی تەمموزی 1932 پێشكەشی كردبوو، بەوەش عێراق بووە یەكەم وڵاتی عەرەبی كە بچێتە ناو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكەی ئەوكاتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراق وێڕای خستنەڕووی چەند بەڵگەنامەیەكی پەیوەست بەو بەروارانە، لەسەر زاری سەحاف وتیشی، “بەپێی بەڵگەنامەكانی كۆمەڵەی گشتیی عوسبەت ئومەم، قبوڵكردنی عێراق پاش بەدەستهێنانی تایبەتمەندییەكانی دەوڵەتە لە عێراقدا، كە خۆی لە دانپیادانانی نێودەوڵەتی و بوونی حكومەتی سەربەخۆ و بەتوانا لە بەڕێوەبردنی كاروباری دەوڵەت و ئیدارەدانیدا بەشێوەیەكی ڕێكخراو و پاراستنی یەكێتی و سەربەخۆییەكەی و پارێزگاری لە ئاسایش لە سەرجەم ناوچەكانیدا دەبینێتەوە، جگە لەوەی سەرچاوەی دارایی پێویستی هەیە بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی و بوونی یاسا و ڕێكخستنی دادوەریی و سنووری جێگیر و بەڵێنی عێراق لە ڕێزگرتن لە پابەندییە نێودەوڵەتییەكان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “عێراق یەكەم دەوڵەت بووە چووە پاڵ عوسبەت ئومەم بەپێی ماددەی (22) لە پەیمانی عوسبەت ئومەم تایبەت بە ویلایەت و ئینتیداب، دوای ئەوەی گونجاو بووە بۆ دەرچوون لە حاڵەتی ئینتیدابی بەریتانی، كە پاش هەرەسهێنانی خەلافەتی عوسمانی بەسەریدا سەپێندراوە”.

لە 1ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق پێشنیازی ڕۆژی 3ی تشرینی یەکەم (ئوکتۆبەر)ی وەک (ڕۆژی نیشتیمانیی کۆماری عێراق) پەسەندکرد، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی سەربەخۆیی عێراق و دەرچوونی لەژێر دەسەڵاتی بەریتانیا لە ساڵی 1932.

بەڵگەنامەكان:

بابەتی پێشتر

خەونەكەی لاپۆرتا بۆ ڕاهێنەرایەتی بەرشلۆنە قورسە

بابەتی دواتر

هالاند بۆ فرۆشتن نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share