ئەم هەڵبژاردنە مامۆستایانی ئایینی لە بانگەشە بەدووربوون

مرگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر

هیچ سەرپێچییەكی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە تۆمارنەكراوە وەك ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف باسیدەكات، دەشڵێت، لە ئاست بەرپرسیارێتیدان و دەیانەوێت ئاشتیی كۆمەڵایەتی بپارێزن.

نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تائێستا هیچ سەرپێچییەك سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن مامۆستایانی ئاینییەوە ئەنجامنەدراوە، “مامۆستایان لە ئاستی بەرپرسیارێتیدان و سوپاس و پێزانینی وەزارەتیان ئاراستەكراوە، چونكە بەڕاستی زۆر بە هاوسەنگی مامەڵە دەكەن”.

دووپاتیشیكردەوە، “مامۆستایانی ئایینی دەیانەوێت بەڕاستی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بپارێزن”.

دەربارەی ئەوەی ئەگەر مامۆستایەكی ئایینی بەشداری بانگەشەی هەڵبژاردن بكات لە بەرژەوەندی لایەنێك، ئایا ڕێوشوێنەكان بەرامبەری چی دەبێت؟ نەبەز ئیسماعیل وتی، “ئەوە پێشبینی شتێكە كە ڕووینەداوە و لەسەر پێشبینی قسەناكەین، چونكە مامۆستایان لەم قۆناغەدا زۆر زۆر بەسوودانە مامەڵە دەكەن”.

بەر لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردن لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە ڕێنمایی بۆ مامۆستایانی ئایینی و ناوەندە ئایینییەكان نێردراوە و وتەبێژی وەزارەتەكەش وتی، ئەركی ئەوان پاراستنی ئاشتی و تەبایی و خۆشەویستییە لەنێوان خەڵكدا، لەم قۆناغەشدا مامۆستایانی ئایینی توانیویانە بە كردەیی ئەو ڕۆڵە ببین.

دەربارەی ئەوەی ئایا لە دەرەوەی وەزارەتەكە هەوڵ بۆ بەكارهێنانی مزگەوت و ناوەندەكانی پەرستن بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن نەدراوە؟ نەبەز ئیسماعیل وتی، بەپێی ڕێنماییەكانی وەزارەت (مزگەوت، كەنیسە، مەعبەد و مەڵبەندە ئایینییەكان) پیرۆزیی خۆیان هەیە و بەهیچ شێوەیەك بانگەشەیان تیاداناكرێت و نەكراوە، هیوای ئەوەشی خواست ئەو دۆخە تا دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەردەوام بێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند وێنەیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوە، كە دەوترا هەوڵ و بانگەشەی لایەنێكە لەنێو یەكێك لە مزگەوتەكاندا، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ڕوونیكردەوە، “ئاگامان لێی نییە، شتی وا ڕووینەداوە، ئەگەر هەبێت یەكسەر دەزانرێت”.

بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە مانگی ڕابردووەوە بانگەشە دەستیپێكردووە و پێشبینی دەكرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تا ڕۆژێك بەر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بانگەشەی هەڵبژاردنی هێز و لایەن و كاندیدانی سەربەخۆ چڕتر ببێتەوە.

بابەتی پێشتر

وادەی خۆتۆماركردن بۆ تاقیكردنەوەی دەرەكیی 12ی ئامادەیی دیاریكرا

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ كارگێڕیی بەرشلۆنە بڕیارە قورسەكە دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share