ئەنجومەنی وەزیران ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پرۆژەیاسای چەكی پەسەندكرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ستراتیژی نیشتمانیی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پرۆژەیاسای چەكی پەسەندكرد.

كۆبوونەوەكە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بەڕێوەچوو.

لە بڕگەی یەکەمدا پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕەشنووسی (پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان) خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگی ئامادەبووان پەیڕەوەکەی پەسەندکرد. ئامانج لەم پەیڕەوە، دەستنیشانکردنی پێکهاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزارەتە لە ناویشیاندا باشتر بەڕێوەبردنی موڵکە وەقفییەکان و وەبەرهێنانیان و بەرەپێشبردنیانە، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی داهاتی موڵکە وەقفییەکان.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕەشنووسی (پرۆژەیاسای چەک لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی کڕین و فرۆشتن و هەڵگرتن و مامەڵەکردنە بە چەک. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەندین تێبینی، پرۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بە کۆی دەنگی ئامادەبووان، پەسەندکرا، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، پرۆژەیاساكە بایەخی زۆری دەبێت لەڕووی ڕێکخستنەوەی هەڵگرتن و مامەڵەکردن بەچەک و نوێکردنەوە و توندکردنی مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک، بە تایبەتیش کە یاسای ئێستای چەک، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993 و ناگونجێت لەگەڵ پەرەسەندنەکانی ئێستا و سنووردارکردنی زیادبوونی دیاردەی چەکداریی و حاڵەتەکانی تاوان.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی (پڕۆژەی ستراتیجی نیشتمانی دەستەی دەستپاکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025) کە لەلایەن ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو، کە پلانێکی گشتگیری دەسەڵات و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێمی کوردستانە، لە پێناو حکومڕانییەکی باشتر و شەفافتر، بە ئاراستەی ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتیی و ڕێگەگرتن لە گەندەڵی.

ئەنجومەنی وەزیران، لەسەر پێشنیاری دەستەی دەستپاکی، ستراتیجییەکەی پەسەندکرد، دواتر دەستەی دەستپاکیی میکانیزم و شێوازی جێبەجێکردنی، بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵات و دامەزراوەکانی هەرێمی دیاریدەکات.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، خستنەڕووی ڕاسپاردەی دامەزراندنی ئەنجومەنێک بوو بە ناوی (ئەنجومەنی متمانەبەخشین بە ناوەندەکان و پرۆگرامەکانی خوێندن لە دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان) کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو. ئامانج لە دامەزراندنی ئەنجومەنەکە، دانانی ستانداردی گونجاوە بۆ چەسپاندنی متمانەبەخشین، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردی نێودەوڵەتیی و دەستەبەری نایابی ئەکادیمی و ئاکامەکانی پڕۆسەی خوێندن و فێرکردن.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، هێڵە گشتییەکانی دامەزراندنی ئەنجومەنەکە ئامادەبکەن، تا لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دواتر پەسەندبکرێت.

بابەتی پێشتر

"کۆپا یورۆ ئەمریکا" یارییەک و جامێک بۆ پاڵەوانی دوو کیشوەر

بابەتی دواتر

گواردیۆلا: خۆشحاڵم بۆ مێسی، بەڵام من عاشقی یاریزانێکی دیکەی پاریسم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share