وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی: بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران 195 فەرمانبەری گرێبەستمان لە کارەکانیان دوورخرانەوە

وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاشکرایدەکات، بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران 195 فەرمانبەری گرێبەستمان لە کارەکانیان دوورخرانەوە و خانەنشینیش ناکرێن.

ئەنجومەن حسێن، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی کە تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ و خزمەتییان نەگەیشتووەتە 15 ساڵ، لە کارەکانیان دووردەخرێنەوە و خانەنشینیش ناکرێن.

باسی لەوەشکرد، ئەو 195 فەرمانبەرە دابەشبوون بەسەر سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانیی سلێمانی و بەشی زۆری ئەم فەرمانبەرانە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکان و ئامێرەکانن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارە لەمپەڕێکی گەورەیە لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، پەرەپێدانی سەوزایی و خاوێنکردنەوەی شۆستە و شەقامەکان، هەروەها هەڵمەتی چاکسازییکردن لە شەقامەکان و نۆژەنکردنەوەیان، بەوپێیەی ئەم فەرمانبەرانە کە خانەنشین دەبن لەجیاتیدانان لە شوێنیاندا نییە، ئەمەش گرفتە.

وتیشی، لە ماوەکانی ڕابردوو وەزارەتی گەشتوگوزارمان لەم دۆخە ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو ئەنجومەنی وەزیرانی ئاگاداربکرێتەوە لەوەی ئەو فەرمانگانەی خزمەتگوزارن، لەم بڕیارانە وەدەربنرێن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share