ڕایەكی پێچەوانەی باو.. كۆرۆنا كاریگەریی لەسەر جگەرەكێشەكان زیاترە

توێژینەوەیەكی پسپۆڕانی بەریتانی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، مەترسیی زیاتری كۆرۆنا لەسەر كەسانی جگەرەكێش ئاشكرادەكات، بەوەی توندتر پەتاكە دەگرن.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی، جگەرەکێشان، سەرەڕای کاریگەرییە نەرێنییەکانی دیکەی، مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی دوای چاکبوونەوە، لە کەسی جگەرەکیشدا زیاتر دەکات.

بەپێی توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری Thorax بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەوانەی جگەرەكێشن و تووشی کۆرۆنا دەبن و داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن، زیاترن لەوانەی جگەرە ناکێشن.

ئاشلی کلیفت لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت، “ئەنجامەکانی توێژینەوەکە دەریانخستووە جگەرەکێشان بەڕوونی پەیوەنیدارە بە زیادبوونی ئەگەر و مەترسییەکانی ژمارەی تووشبووان لە جیهاندا، لەگەڵ ئەوەی جگەرەکێشان هۆکاری نەخۆشییەکانی دڵ، جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دیکەیە”.

پێشتر و لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی كۆرۆنا، بەشێک لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان باسیان لەوەدەكرد، جگەرەکێشەكان کەمتر تووشی کۆرۆنا دەبن، بەڵام ئەنجامی توێژینەوە نوێكان پێچەوانەی ئەو ڕایەن.

لەو نێوەندەدا لێکۆڵینەوەکانی گروپێکی پزیشکی بە سەرۆکایەتیی هێنریک ستیرک پسپۆڕی زانستی ڤایرۆسی لە زانکۆی بۆن-ی ئەڵمانیا وایان بڵاوكردووەوە، كە جگەرەکێشەكان کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ دەبن، بەڵام دواتر خودی هێنریک ستریک ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی ئەو لێکۆڵینەوانە ورد نەبوون.

زانكۆی بۆن یەكێك بوو لەو ناوەندانەی باسی لە كاریگەریی كەمتری كۆرۆنا دەكرد لەسەر جگەرەكێشەكان.

بەڵام قسەی نوێی ستیرک ئەوەیە، كە مادام کەسانی جگەرەکێش تووشی ڤایرۆسەکان دەبن، بۆیە ئەگەری تووشبوونیان بە کۆڤید-19 زیاترە.

بابەتی پێشتر

تاڵیبان دەستووری سەردەمی پاشایەتی پەسەنددەكات

بابەتی دواتر

بەنفیكا چارەنووسی ڕاهێنەری بەرشلۆنە یەكلایی دەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share