پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەو كەسانەی بەشداریی كۆنگرەكەی هەولێریان كردووە و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، لە هەولێر نەماون و لە شارەكانی دیكەی عێراقن، ئاشكراشیكرد، پێشتر داواكاریی مۆڵەتی ئەنجامدانی كۆنگرەكەیان ڕەتكردووەتەوە.
لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا و لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ئێستا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، “حکومەتی عێراق بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بەشێک لەو کەسانە دەرکردووە کە بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کردووە، ئێستا لێرەنین و لە شارەکانی عێراقن، بۆیە حکومەتی عێراق دەتوانێت خۆی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکات”.
ئومێد خۆشناو دووپاتیكردەوە، “ئەو پرسە بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە پارێزگای هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ نییە و پێشتریش ئەو کەسانە داوای مۆڵەتیان کردبوو، بەڵام مۆڵەتەکەیان ڕەتکراوەتەوە”.
هەر ئەمڕۆ دەستەی دامەزرێنەری سەحوەی عێراق ئاشکرایکرد، ویسام حەردانی لە پۆستی سەرۆکی سەحوە دوورخستووەتەوە بەهۆی ئەوەی یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی سەرەکیی کۆنگرەکەی هەولێر.
لە نووسراوێکدا دەستەی دامەزرێنەری سەحوەی عێراق ڕایگەیاندووە، نووسراوێکیان ئاراستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کردووە، تیایدا بڕیاردراوە بە ڕاسپاردنی شێخ محەمەد عەلی سلێمان بۆ ڕاییكردنی كاروباری سەحوە لە شوێنی ویسام حەردان.