بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی وای فێرکردووین یەکێتی بین بۆ خزمەت نەک بۆ دەستکەوت

هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایدەگەیەنێت، چۆن لە ڕابردوو لەگەڵ ئازار و قوربانییەکانی کەرکوک ژیاین و خوێنمان بۆ دا بەدڵنیاییشەوە بۆ سبەینێ و داھاتووش ھەر لەگەڵتان دەبین و دەشڵێت، یەکێتی وای فێرکردووین یەکێتی بین بۆ خزمەتکردن نەک بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی.

بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، کەرکوک ھی کەرکوکییە ڕەسەنەکانە، نەک ھی ئەوانەی لە دورەوە بەکەرکوكدا ھەڵئەدەن و دەیانەوێت بەدروشم و پیاھەڵدان شارەكە برینداربکەنەوە و نەھامەتیەکی دیكە بەسەر قودسی کوردستاندا بھێننەوە.

وتیشی، “یەکێتی و یەکێتییەکان لەمەودوا لە ژیانی سیاسیاندا ئازا و ئازادتر دەبن و ھەموومان بۆ یەک ئامانج خەبات دەکەین و تێدەکۆشین ئەویش بەھێزترکردنی یەکێتییە لە پێناو کوردستانێکی بەھێزتر و کوردستانیبوونی کەرکوک”.

ئەم وتانەی ھاوسەرۆکی یەکێتی لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا ھات لە کەرکوک لەگەڵ کادرانی کۆمەڵایەتی شارەكە کە وێڕای ھەڵوەستەکردن لەسەر گۆڕانکاریی و ھاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکان و ڕووداوەکانی دوای ھەشتی تەمموز، خوێندنەوەی بۆ سیاسەت و ستراتیژی نوێی یەکێتی کرد و ڕایگەیاند، چاکسازییەکانی یەکێتی بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حیزبایەتی و تێکۆشانی سیاسی و ڕێکخراوەیی بوو، بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان و گەڕانەوەبوو بۆ ڕێبازی ڕاستەقینەی مام، چونکە یەکێتی وای فێرکردووین یەکێتی بین بۆ خزمەتکردن نەک یەکێتی بین بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی کەسی، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەكەیدا هاتووە.

هەروەك ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەمەودوا ھەموو کاروبارێکی یەکێتی دەبێت بە ڕێگای ڕاستەقینەی یەکێتی مامدا بڕوات، ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ڕاستکردنەوەی کەموکوڕییەکان و پاراستنی دەسکەوتەکان بێت، کەرکوکیش لە پێشینەی ئەرکەکانمان دەبێت و دەشبێت یەکێتییەکان وەک ھەمیشە خزمەت بکەن و ماندوونەبن لە ھەوڵەکانیان، چونکە ئەمە ئەرکە و منەت نیە لەبەرئەوەی کەرکوکییەکان خۆیان خاوەنی یەکێتین چۆن لەڕابردوو لەگەڵ ئازار و قوربانییەکانی کەرکوک ژیاین و خوێنمان بۆدا بەدڵنیاییشەوە بۆ سبەینێ و داھاتووش ھەر لەگەڵتان دەبین و پێکەوە شارەکەی خۆمان دەپارێزین و سەوزتری دەکەین و کوردستانیبوونی کەرکوک دەکەینەوە چەپکە گوڵی پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە و پێکاتەکانی ئەم شارە.

ھەر لەکۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکی یەكێتی ھانی بەشداربووانیدا کۆشش و ماندووبوونیان بکەنە خزمەتی سەرخستنی کاندیدانی ھاوپەیمانی کوردستان لە کەرکوک و پارێزگاری لە دەنگی کورد بکەن و ڕۆژی دەنگدان وەڵامی نەیارانی کەرکوک بدەنەوە.

دوپاتیشیكردەوە، ئەو هێزەی دەتوانێت پشت ‌و پەنا بێت بۆ ھێنانەدی مافەکانتان و پارێزگاری لە کوردستانی بوونی شارەکە و پێکەوەیی نەتەوە و پێکھاتەکان بکات و شەڕی مانەوە بکات تەنها و تەنھا هاوپەیمانی كوردستانە.

هەر ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی لە کەرکوک لەگەڵ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ کۆبووەوە.

لەکۆبوونەوەکەدا بەوردی ھەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی خوێندن و گرفتە پەروەردەییەکان و پێشخستنی ئاستی خوێندنی باڵا لە کەرکوک کرا و ھاوسەرۆکی یەكێتی بەگرنگییەوە گوێبيستی داواکارییەکانیان بوو و پێیڕاگەیاندن لای یەکێتی، ئەکادیمییەکان و مامۆستایانی زانکۆ و خاوەن بڕوانامەکان ڕێزلێگیراون و خزمەتکردنتان بەئەرکی خۆمان دەزانین و لەو چوارچێوەیەشدا چەند بڕیارێکی دا بەئاڕاستەی خزمەتکردنی مامۆستایانی کەرکوک.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی ھەوڵەکان بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان داوای لە مامۆستایانی زانکۆ كرد سەرباری ئەرکە پیرۆزەکەی خۆیان بەشداری گەرموگوڕ بکەن لە ھاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن و دەنگدان بە کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان و ڕوونیکردەوە، “سەرکەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەم ھەڵبژاردنەدا واتای سەرکەوتنی گیانی پێکەوەژیان و کوردستانی بوونی کەرکوکە، پارێزگاریکردنە لە مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان”.

بابەتی پێشتر

ئیسرائیل: بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هێڵی سوری تێپەڕاندووە

بابەتی دواتر

هۆکاری هاتنەخوارەوەی پاسپۆرتی عێراقی لە ڕیزبەندییە جیهانییەکان ئاشکرا دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share