عێراق ژمارەی شوێنەوارە دزراوەكان ئاشکرادەکات

وەزارەتی ڕۆشنبیری و شوێنەواری عێراق ژمارەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی ئاشکراکرد کە لەنێوان ساڵانی 1991 تاوەکو 2003 دزراون، ژمارەیان دەگاتە 15 هەزار پارچە شوێنەوار و سەرجەمیان کۆدی مۆزەخانەیان هەیە.

حاکم شەمەری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستەی شوێنەوار و میراتی سەر بە وەزارەتەكە ڕایگەیاند، دەستەکەیان لەماوەی ڕابردوودا سەرکەوتووبووە لە گەڕاندنەوەی 17 هەزار پارچە شوێنەوار لە ئەمریکاوە و سەرجەمیان گەیشتوونەتەوە مۆزەخانەی نیشتمانیی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تائێستا لەو پارچە شوێنەوارییانەی لەو ماوەیەدا دزراون 15 هەزاریان دیارنین.

بەرپرسە عێراقییەکە دەڵێت، تائیستا لیژنەیەکی تایبەت لە دەستەکە لەڕێگەی پسپۆڕانەوە بەدواداچوون دەكات بۆ ئەو پارچە شوێنەوارانەی کە دیارنین، ئەوەش بەمەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارچە شوێنەوارانەی گوزارشت لە مێژوو و شارستانییەتی وڵات دەکەن، بەدواداچوونەکەش بەهەماهەنگیی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و (ئینتەرپول) دەکرێت.

حاکم شەمەری لەبارەی چۆنیەتی دزرانی ئەو شوێنەوارانەوە ڕوونكردنەوەی داوە و ڕایگەیاندووە، کاری دزینی ئەو شوێنەوارانە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کراوە لەماوەی ڕابردوودا، مێژووی بەشێک لەو پارچە شوێنەوارانە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، هەروەها دەستەکە کۆنترۆڵی نزیکەی 20 هەزار ناوچەی شوێنەواری کردووە و بەفەرمی تۆمارکراون.

ڕاشیگەیاندووە، پارێزگای موسڵ لەکاتی هاتنی داعشدا ژمارەیەک لە پارچە شوینەوارییەکانی دزران کە زیاترن لە 90 پارچەی مێژوویی گرنگ.

بابەتی پێشتر

دوو یاریزانی دیكەی بەرشلۆنە گەڕانەوە بۆ ڕاهێنانەكان

بابەتی دواتر

زانكۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی كارادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share