بافڵ تاڵەبانی لە كەركوكەوە هەڵمەتی سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستانی دەستپێكرد

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كەركوكەوە بانگەشەی چڕی هەڵبژاردنی دەستپێكرد و لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەی سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان دەكات، ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش دەڵێت، هاوسەرۆكی یەكێتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قۆناغێكەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێكی دیكە، ئەمە جگە لەوەی خودی هەڵبژاردن لە كەركوك ڕەهەندی نەتەوەیی و دیموكراسی هەیە.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ یەكشەممە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی گەیشتە كەركوك و لە مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی لەلایەن بەرپرس و كادیرانی یەكێتییەوە پێشوازی لێكرا، دەستی بە پشتگیریی چڕی سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی یەكێتی و گۆڕان كرد.

ستران عەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی زیاتر لە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و بەپێی پێداویستیی میحوەری كەركوك و گرنگی پارێزگاكەش، ئەگەر زۆرە ماوەی هاتنەكەی درێژبكاتەوە.

وتیشی، “هاوسەرۆكی یەكێتی هاتووە، تا لە بەرزترین ئاستدا سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی كوردستان بكات، بەهۆی ئەوەی كەركوك بەلای یەكێتی و هاوپەیمانی كوردستانەوە گرنگییەكی تایبەت و گەورەی هەیە، چونكە شەڕی هەڵبژاردن لەشارەكە هەم نەتەوەییە، هەم دیموكراسی”.

ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی باسی لەوەشكرد، “بافڵ تاڵەبانی خۆی هاتووە ڕاستەوخۆ دیداری جیاجیا بكات لەگەڵ كەسوكاری شەهیدان و ڕێكخستنەكانی یەكێتی و چینە جیاجیاكان، هانیان بدات لەم نەبەردییە نەتەوەییە بەهەمان گوڕ و تینی پێشووی مام جەلال، كە خۆی دەهات ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی دەكرد، ئەو كارە بكات”.

“گرنگیی كەركوك بەلای یەكێتییەوە هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە”

ستران عەبدوڵڵا جەختی لەوەشكردەوە، “بافڵ تاڵەبانی وتاری سیاسی دەبێت بۆ كەركوكییەكان و ڕووی لەوان دەبێت، لەبەرئەوە هیوادارین ئەم بەشدارییەی گوڕ و تین بدات بە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە پارێزگاكە”.

ئاشكراشیكرد، “هاوسەرۆكی یەكێتی بەشدارییە كاراكەی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە كەركوكەوە دەستپێدەكات، هاوشێوەی ئەوەی كە قوباد تاڵەبانی لەو پارێزگایەوە دەستیپێكرد”.

“سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانی دەبێتە هۆكاری سەرخستنی هاوپەیمانی كوردستان”

لەسەرهەمان پرس فەهمی بورهان، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی، لەبارەی سەردانەكەی بافڵ تاڵەبانییەوە دەڵێت، “بۆ ئەوەیە لە نزیكەوە چاودێری پرۆسەی سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان بكات لە پارێزگاكەدا”.

ئەو بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ئاماژەی بەوەشكرد، “هاوسەرۆكی یەكێتی چەندین كۆبوونەوە و دیداری چڕ ئەنجامدەدات، بۆیە ئەم سەردانەی بۆ كەركوك سەردانێكی مێژووییە، گوڕ و تێنی زیاتر دەداتە دانیشتووانی شارەكە و دەبێتە هۆكارێكی دیكە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی كوردستان”.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی باسی لەوەشكرد، “لەگەڵ گەیشتنی بە شارەكە كۆبوونەوەكانی دەستیپێكردووە و پێشوازییەكی بەرفراوانیشی لێكراوە، بۆیە كەركوكییەكان ئومێدێكی گەورەیان لەسەر ئەم سەردانە هەڵچنیوە”.

پێشیوایە، “لەڕووی مێژوییەوە هاتنی بافڵ تاڵەبانی پەیامێكی گەورەی تێدایە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆر لەو ئامانجانەی بەدینەهاتوون، بەدیبێن”.

ڕوونیشیكردەوە، “هاوسەرۆكی یەكێتی لەگەڵ ڕێكخراو، ڕێكخستن و تێكۆشەرە دێرینەكان كۆدەبێتەوە، بۆیە كۆبوونەوەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن لە قۆناغێكەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغێكی تر”.

بابەتی پێشتر

ئانسو فاتی داهاتووی خۆی لەگەڵ بەرشلۆنە یەكلاییكردەوە

بابەتی دواتر

هەڵبژاردن چوار ڕۆژ دەوامی خوێندنگاكان ڕادەگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share