ڕۆمانە نوێكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بەناوی “ئەفسوون”، كە لە بەندیخانە لەماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا نووسیویەتی، بڕیارە لە 2ی تشرینی یەكەمی داهاتوو بڵاوبكرێتەوە.
دەمیرتاش كە پێشتر هەردوو كتێبی (سەحەر) و (دەوران) و ڕۆمانی (لەیلان)ی لە ساڵانی ڕابردوودا بڵاوكردووەتەوە، ئەمجارە بە ڕۆمانی (ئەفسون) دەچێتەوە لای خوێنەران.
دەربارەی نووسینی ڕۆمانەكە، دەمیرتاش دەڵێت، “لە سەرەتای ساڵی 2020 هەمووان بەهۆی پەتای كۆڤید-19وە لەنێو ماڵەكانیاندا گەمارۆدرابوون، منیش ماوەی سێ ساڵ بوو لە بەندیخانەدا بووم، (پێدەچێت بووبێتە پێنج ساڵ كاتێك ڕۆمانەكە دەخوێنیتەوە)، هاوشێوەی ملیارەها كەس، هاوسەر و كچەكانم نەیاندەتوانی چەند مانگێك ماڵەوە جێبهێڵن بەهۆی ڕێوشوێنەكانی كەرەنتین”.
“دەستمانكرد بە پەیوەندیی چەندبارە لەگەڵ كچەكانم و هاوسەرەكەم، دەستمكرد بە نووسین و ناردنی چیرۆكی كورت لە منداڵییەوە، دواتر بڕیارمدا كارێكی سوودبەخشتر بكەم، ئەویش ناردنی ڕۆمان بوو تا بیخوێننەوە، بەڵام ئەمجارە ئەوانیش دەبنە یاریدەدەرم”، دەمیرتاش وادەڵێت.
هاوسەرۆكی پێشووتری هەدەپە شێوازی نووسینی ڕۆمانەكەی ئاشكرا دەكات، دەڵێت “ئەو شوێنانەم هەڵبژارد كە لە چیرۆكەكەدا هەن، بەتایبەت ئەو ناوچانەی هیچكات پێشتر سەردانم نەكردوون، وەك بەیروت، كریت، جومەشانە و قەڵای لابسكێ و هەندێك گەڕەكی ئیستەنبول و زۆرینەی شوێنەكانی تر، ئەوان لە ئینتەرنێتەوە بۆی دەگەڕان و وێنە و زانیارییەكانیان لەسەریان دەنارد بۆم، خواردن و گوڵ و گۆرانی و ناوی كەسایەتییەكان و زۆرێك لە زانیارییەكانی دیكەی ناو ڕۆمانەكەم لەسەر ئەو زانیارییانە نووسیوە كە ئەوان ناردوویانە، بەشبەش بۆم دەناردن و تێبینی خۆیانیان بۆ دەناردمەوە”.
بۆیە دەمیرتاش دوودڵ نییە لەوەی بڵێت، “پێكەوە ڕۆمانەكەمان نووسیوە، دایكیان دەستنووسەكانمی بۆسەر كۆمپیوتەر دەگواستەوە و بە هەوڵی ئەو كارەكە بەڕێوەچووە، ئەم ڕۆمانەمان لەگەڵ باشاك، دەلال و دیلدا نووسیوە، ئەوان خوێندیانەوە و وتیان كۆتایی هات، ئێستاش داوا لە تۆ دەكەین بیخوێنیتەوە”.