پەرلەمانتار و پارێزەرێك پرسێكیان لەبارەی بوونی دادوەر کە لەڕێگەی “دەڵاڵ”ــەوە لە دادگاکانی هەولێر کاردەکەن، وروژاندووە، گوایە لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە لە دادگاکاندا کار بۆ خەڵک دەکەن، دەستەی دەسپاکیش دەستی بە ڵێكۆڵینەوە كردووە و دەڵێت، “لەسەر بنەمای بەڵگەکان بڕیار دەدەین”.
شەوی ڕابردوو عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە بڵاویکردەوە، پارێزەرێك بەناوی جەواد خۆشناو پێیڕاگەیاندووە، “ژمارەیەك دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر دەڵاڵیان هەیە و پارە لە خەڵك و لە پارێزەران وەردەگرن لە داگاكانی كەتن، بەرایی و پێداچوونەوە”.
ئەو پارێزەرەی پرسەكەی وروژاندووە دەڵێت، 17 شاهید و ڤیدیۆی تایبەت بەو دادوەرانە و دەڵاڵەكانیان هەن، كە داوای پارە دەكەن.
تۆڕی میدیایی ئێستا بۆ بەدواداچوونی زیاتر، پەیوەندیی بە حاکم – ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکیی هەرێمی کوردستانەوە كرد، ڕایگەیاند، ئەوانیش بابەتەكەیان لە قسەكانی پارێزەرەكەوە بیستووە.
سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئاشكرایكرد، لەگەڵ ئەوەی دوێنێ هەینی و پشوو بووە، “بەڵام دادگاکانمان ئاگادارکردووەتەوە و پەیوەندیمان لەگەڵ ژمارەیەک دادوەر و پارێزەردا کردووە، تاوەکو بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکەین”.
حاكم ئەحمەد دووپاتیكردەوە، لەهەوڵدان بە زووترین کات بگەنە ئەو پارێزەرەی زانیارییەکەی بڵاوکردووەتەوە، “هەرچەندە پارێزەرەكە دەڵێت بەڵگەکانم داوەتە دادگای تێهەڵچوونەوەی هەولێر، بەڵام لە ڕۆژی یەکشەممەوە ئێمە هەوڵدەدەین ئەو بەڵگانە دەستبخەین و بەدواداچوونی بۆ بکەین”.
حاکم ئەحمەد نەیشاردەوە كە “بەبەردەوامی لەدەرەوە گوێمان لەوەدەبێت پارە لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت لەبەرامبەر ئەوەی کاریان بۆ بکەن، بەڵام ئەوانە تەنها قسە بوون و هیچ بەڵگەیەک نەبووە، بەڵام ئێستا وەک باسدەکرێت بەڵگە هەیە، ئێمەش دوای وەرگرتنی بەڵگەکان بۆمان ڕووندەبێتەوە لە چ یاسا و ماددەیەکدا جێگەی دەبێتەوە”.
سەبارەت بە سزای ئەو دادوەرانە لە ئەگەری ساغبوونەوەی ئەو تۆمەتە بەسەریاندا، سەرۆکی دەستەی دەسپاکی وتی، “جۆری بەڵگەکان و ئەو یاسا و ماددەیەی تێیدا جێگەی دەبێتەوە یەکلاییدەکاتەوە، دەچێتە بەردەم دادگا و دواتر دادگا بڕیاری سزاکەی دەدات”.