سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چوارەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمدا پەیامێكی بڵاوكردەوە، بە “سەركەوتنی مەزن و مێژوویی” وەسفیدەكات.
لە پەیامەكەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی-دا هاتووە، “93% دەنگی بەڵێی خەڵكی كوردستان لە ڕیفراندۆمدا سەركەوتنێكی مەزن و مێژوویی بوو، لە ساڵیادی ئەو سەركەوتنەدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و دەستخۆشی لە خەڵكی قارەمانی كوردستان دەكەم، كە خۆیان نەچەماند و چاویان ماچ دەكەم”.
بارزانی پەیامەكەی بە ئینگلیزی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوكردووەتەوە.
چوار ساڵ پێش ئێستا و لە 25ی ئەیلولی 2017، ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، ناوچە دابڕێنراوەكانیش بەشدارییان تێدا كرد، 92.7%ی كوردستانییان بە بەڵێ دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.
هەنگاوەكە كاردانەوەی زۆری عێراقی، هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، كاریگەرترینیان هێرشی عێراق بوو بۆسەر كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە، هەروەها پچڕاندنی پەیوەندیی وڵاتان بوو بە هەرێمی كوردستانەوە.