دوای هەفتەیەک لە کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان و گەڕانەوەی کوڕان بۆ خوێندنگە، هێشتا کچانی ئەفغانی لەماڵەوە چاوەڕێی بڕیاری حکومەتەکەی تاڵیبان دەکەن سەبارەت بە چارەنووسیان.
پێشتر کە دەرگای خوێندنگەکان لە ئەفغانستان کرانەوە، تەنها کوڕان و کچان تا قۆناغی شەشی سەرەتایی گەڕانەوە خوێندگەکان، کچانی قۆناغەکانی دیکە چاوەڕێن مەرج و شێوازی خوێندنیان لەلایەن دەسەلاتە نوێكەی تاڵیبانەوە ئاشكرابکرێت.
لەو بارەیەوە زەبیخوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند، “حکومەت سەرقاڵی ڕێکخستنی چۆنیەتیی گەڕانەوەی خوێندکارانی کچە، دەبێت ڕێکارێک دابنرێت کچانی دوای قۆناغی شەشی سەرەتایی و زانکۆکان پارێزراوبن”.
پێشتر وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئیدارەی تاڵیبان لە ڕاگەیەندراوێکدا، پیاوان و کوڕانی بانگهێشتکردەوە بۆناو خوێندنگەکان، بەڵام ناوی کچانی تێدا نەبوو، ئەمە ڕەخنەی توندی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، کە چۆن مافێکی سەرەتایی لە کەسانێک زەوتدەکرێت، تەنها لەبەر ئەوەی ژنن.
تاڵیبان کاتێک لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دەسەڵاتی لە ئەفغانستان هەبوو، ڕێگای بە خوێندنی کچان و ژنان نەدەدا و ڕێگای لە کارکردنی ژنان دەگرت، ئێستا هەمان حاڵەت دووبارە بووەتەوە، تەنها ئەوە جیاوازی هەیە، کە تاڵیبان ئێستا وەک جاران بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرسە ڕانەگەیاندووە.
تاڵیبان پێشتر لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە ڕایگەیاندبوو، ڕێگا لە خوێندنی ژنان ناگرێت و لەچێوەی “شەریعەتی ئیسلامی”دا ڕێگا بە ژنان دەدات بخوێنن.