پەرلەمانتارێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت، سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو وادەی دەستكردن بە كشانەوەی یەكەم كاروانی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكایە لە عێراق.
كشانەوەكە بەپێی ناوەرۆكی ئەو ڕێككەوتنەیە كە لە تەمموزی ڕابردوو لەنێوان هەردوو وڵات واژووكراوە.
بەپێی وتەی بەدر زیادی، ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت تا كۆتایی هاتنی كشانەوەی تەواوی هێزە شەڕكەرەكانی ئەو وڵاتە لە 31ی كانونی یەكەمی ئەمساڵ.
دوای ئەو پرۆسەیەش ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە شەڕكەرەوە بۆ ڕاهێنان و ڕاوێژ و پشتیوانی دەگۆڕدرێت.
لە تەمموزی ڕابردوو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەوە. لە یەكەم وتووێژی ڕاستەوخۆی نێوانیان لە چێوەی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتن و بەغداد.
ئەوكات بایدن وتی، ڕۆڵی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە عێراق تەنها ڕاهێنان دەبێت.
لەئێستادا نزیكەی 2500 سەربازی ئەمریكی لەسەر خاكی عێراق هەن، ئەركەكانیان بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشماوەی چەكدارانی داعش.
سایتی عەرەبی جدید لە زاری زیادی بڵاویكردەوە، ڕێككەوتنی ئەمنی و ستراتیژی لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكاندا هەیە دەربارەی هاریكاریكردنی عێراق لەكاتی پێویستیی ئەمنیدا.
ئاماژەی بەوەشكرد، فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت لە دەرچوونە ئاسمانییەكانی لەنێو عێراق و لە بنكەكانی وڵاتانی دراوسێیەوە و لەسەر داوای عێراق.
بەپێی وتەی بەرپرسێكی سەربازیی باڵای عێراقیش نەخشەی بوونی سەربازیی هێزەكانی ڕۆژئاوا لە عێراق گۆڕانكاری بەسەردانایەت، بەڵكو بنكەی حەریر لە هەولێر و عەین ئەسەد لە ئەنبار بە سەرەكی دەمێننەوە، سەرەڕای سەربازگەی ڤیكتۆریای نزیك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد و هەموو ئەوانەش لەژێر ناونیشانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی-دا دەبن.