دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ئیدانەی توركیا دەكات بەهۆی بەندكردنی سەرۆك شارەوانییەكی كورد تەنها بەهۆی چالاكی و لێدوانەكانییەوە و دەڵێت، ڕێوشوێنێكی “ناپێویستە لە كۆمەڵگای دیموكراسیدا”.
دەسەڵاتدارانی توركیا تونجەر باقرهان، سەرۆكی شارەوانی سرت، كە دانیشتوانەكەی 130 هەزار كەسە و دەكەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵات، تۆمەتباركرد بەوەی “بانگەشەی بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە” و “ئەندامە” تیایدا.
باقرهان ساڵی 2014 لەژێر ناوی (پارتی ئاشتی و دیموكراسی) هەڵبژێردرا كە پارتێكی بەرهەڵسكارە. بەبێ دادگایی خرایە زیندانەوە و لە تشرینی دووەمی 2016 لە پۆستەكە دورخرایەوە و لە تشرینی یەكەمی 2019 ئازادكرا، بەڵام دادگای تاوان لە سرت لە هەمان مانگدا بە 10 ساڵ و 18 ڕۆژ زیندانیكردن سزایدا، تائێستاش ڕێوشوێنەكان بەرامبەری بەردەوامە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەڵێت، سەرۆك شارەوانییەكە “بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ و 11 مانگ لە ئازادی بێبەشكراوە، لەنێویدا دوو ساڵ و هەشت مانگ دەستبەسەربووە بەبێ دادگاییكردن” و پێوایە هیچ پاڵنەرێكی پێویست لەبەردەستدانییە دەربارەی بێبەشكردنی لە ئازادی تا ساتی دادگاییەكەی.
“سەبارەت بە دادگاكەش ئەو چالاكییانەی دژ بە ناوبراو گیراوەتەبەر پاڵنەرێكی سیاسی ڕوونی لەپشتە” وەك ئەوەی باڵی دادوەری ئەنجومەنی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ ئاماژەی پێدەدات.
دادگاكە دەشڵێت، “بەلەبەرچاوگرتنی سروشتی سەرەكی ئازادی گفتوگۆی سیاسی لە كۆمەڵگای دیموكراسیدا، دادگا هیچ هۆكارێكی ڕازیكەری نەدۆزییەوە تایبەت بە جدییەتی پرسی سكاڵاكە”.
هەروەك بێبەشبوونی كەسێكی هەڵبژێردراو لەلایەن خەڵكەوە بۆ ماوەیەكی كاتی بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانی بە دەستێوەردانێكی ڕوون لە ئامانجە یاساییە جێبەجێكراوەكان ناودەبات و دەڵێت، “بێبەشكردن لە ئازادی هیچكات پێویست نییە لە كۆمەڵگایەكی دیموكراسیدا”.
بەشێوەیەكی نیمچە بەردەوام توركیا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاوە ئیدانە دەكرێت، بەتایبەت لە پرسی بەندكردنی هەڕەمەكیدا و دەڵێت، هەردوو ماددەی 5.3 (مافی ئازادی و ئاسایش) و 10 (ئازادی ڕادەربڕین)ی لە پەیماننامەی ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ پێشێلكردووە، بۆیە دادگاكە فەرمان بە توركیا دەكات بۆ بژاردنی 10 هەزار یۆرۆ بەو سەرۆك شارەوانییە بەهۆی زیانە مەعنەوییەكان و سێ هەزار یۆرۆ لە بەرامبەر خەرجی و تێچووەكان.