لیژنەی باڵای هاوپەیمانی كوردستان داوای پابەندبوون بە یاساكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكات و دەڵێت، سبەی لە دەڤەری راپەڕین کەرنەڤاڵێک ڕێکدەخەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ لیژنەی باڵای هاوپەیمانی کوردستان بە سەرپەرشتیی قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی هاوپەیمانییەكە كۆبووەوە و بە ئامادەبوونی دەرباز محەمەد هەڵسەنگاندن کرا بۆ شێوازی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی کوردستان لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەرزنرخێندرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی كۆبوونەوەكە، باس لە چۆنییەتی بەردەوامیدان بەو شێوازەی بانگەشەی هەڵبژاردن كرا لەپێناو گەیاندنی پەیامی هاوپەیمانی کوردستان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان و زامنکردنی بەدیهێنانی بژێوی باشتری ژیانیان.
کۆبوونەوە جەختیکردەوە کە دەبێت ئۆرگانەکان پابەندبن بە ڕێنماییە یاساییەکانی کۆمسیۆنی باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و بە ئارامی پەیامی هاوپەیمانی کوردستان بگەیەنن بە هاوڵاتییان.
ئاماژە بەوەشکرا سبەینێ 14ی ئەیلول هاوپەیمانی کوردستان لە دەڤەری ڕاپەڕین کەرنەڤاڵێک ڕێکدەخات بۆ ناساندنی کاندیدەکانی.