وەزیری دادی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوای دامەزراندنی دادگایەکی بازرگانییان لە ئەنجومەنی دادوەری کردووە بۆ ئەوەی دۆسیە و کێشە بازرگانییەکان خێراتر یەکلاییبکرێنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتەكە، فرسەت ئەحمەد وەزیری داد ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێکی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی/ ئۆکرانی ڕایگەیاندووە، “هەرچەندە دادگای بازرگانیمان نییە، بەڵام چەندین بیرۆكە هەن بۆ دامەزراندنی سەنتەر یان دەستەی ناوبژیوانی و ئاشتەوایی و سازاندن، کە دەبێت سەر بە وەزارەتی داد بێت”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “هەبوونی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ بازرگانی کارێکی گرنگە، چونکە وادەکات دۆسیە و کێشە بازگانییەکان، خێراتر یەکلاییبکرێنەوە و کاروباری بازرگانان و کۆمپانیاکان دوانەکەون، چونکە هەموو دواکەوتنێک لە مامەڵەی ئەوان ڕەنگە زیانی ئابوری بەدواوەبێت”.
وەزیری داد ئەوەشی وتووە،” پێشتریش دووجار بۆ دانانی دادگای بازرگانی، لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان قسەکراوە، کە ئەوکات بەهۆی کەمیی ژمارەی دادوەرانەوە نەکرا، بەڵام ڕەنگبێت ئێستا ڕەوشەکە لەبارتربێت، چونکە لە دواخولی پەیمانگەی دادوەری کە ئەمساڵ کۆتاییهات، ژمارەیەک دادوەر و ئەندامی داواکاریی گشتیی نوێ، خوێندنیان تەواوکردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دەستبەکاردەبن”