لە ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر، ڕووخانی دیواری ماڵێك بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو منداڵ و برینداربوونی دووانی دیكە.
كاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار منداڵی ئەندامانی خێزانی دوو برا لە ناحیەی كەسنەزان دیواری ماڵە دراوسێكەیان بەسەریاندا كەوت و بەهۆیەوە كچ و كوڕێكی ئامۆزای یەكتر گیانیان لەدەستدا و دووانی دیكەشیان برینداربوون.
مامی قوربانییەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، پێشتر خاوەن خانووەكەی خۆیان و ماڵە دراوسێكەشیان لە مەترسیی ئەگەری ڕووخانی دیوارەكە ئاگاداركردووەتەوە، بەڵام هیچ لایەكیان گوێیان پێنەداون.
وتیشی، “منداڵەكان كاتێك لە سێبەری دیوارەكەدا سەرگەرمی یاریكردن بوون، دیوارەكە بەسەریاندا كەوتووە”.
خێزانی قوربانییەكان خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی دۆخی ئەو بەشەی كوردستان ئاوارەی هەرێم بوون.