كازمی: پرۆسەی چاكسازی لە پەڕەی سپی هەڵدەسەنگێنیین

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فۆتۆ: نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران

سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، سێ مانگ جارێك هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنانەی لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژوویانكردووە ئەنجام دەدەن و وتیشی، “پڕۆسەی چاكسازی لە پەڕەی سپی هەڵدەسەنگێنیین”.

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 24ی تشرینی یەكەم لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانییدا لە بەغداد ڕایگەیاند، لە میانی گەشتەكەیدا بۆ ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپا، ژمارەیەك ڕێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەشتنییان لە پێناو بەرزكردنەوەی ئاستی ئابوریی، ئەمنی و ڕۆشنبیری لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژووكردووە، بۆیە داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كرد كە بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامە و یاداشتنامانە بكات.

كازمی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە میانی گەشتەكەی بۆ ئەوروپا، پەڕەی سپی چاكسازیی و پاڵپشتیی وڵاتانی ئەوروپا بە ئامانجی پەرەپێدان بە كاری دامەزراوەكانی ئابوریی و دارایی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا تاوتوێكردووە و وتی، “سێ مانگ جارێك، كۆبوونەوە بە ئامانجی هەڵسەنگاندنی جێبەجێكردنی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنانەی لەگەڵ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژوومانكردووە، ئەنجام دەدەین و دواتر پرٍۆسەی چاكسازی لە پەڕەی سپی هەڵدەسەنگێنیین”.

سەرۆكوەزیرانی عێراق، دوای گەشتەكەی بۆ ئەوروپا كە لە میانیدا سەردانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای كرد، ئێوارەی دوێنێ‌ گەڕایەوە بەغداد.

بابەتی پێشتر

مێردمنداڵێک لە ئاوی ڕوباری خابووردا خنکا

بابەتی دواتر

یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی ژنانی ئێزدی هەڵدەدرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share