لە یاداشتێكدا پەرلەمانتارێك ئەو پارچە زەوی و موڵكانە ئاشكرادەكات كە لە سنووری ناحیەی شیلادزێ و قەزای بەردەڕەش داگیركراون و دەشڵێت، یاداشتێكی لەو بارەیەوە ئاراستەی لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە.
شنۆ ئەشقی سورچی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی ڕایگەیاند، لە ناحیەی شیلادزێ سنوورێكی بەرفراوانی زەوی تەرخانكراوە بۆ بینای حكومی كە بەشێكیان موڵكی هاوڵاتییانی ئەو دەڤەرە بوون، بەڵام دواجار بینای پرۆژەی كەرتی تایبەت و بازرگانی كراوەتەوە و بۆ هەر (1000م) تەنها (200م) دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنی زەوییەكە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر ڕازینەبن زەوییەكانیان ڕادەستبكەن ئەوا بەهەموو شێوەیەك بەكارهێنانیان قەدەغەدەكرێت لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتووی ئەو دەڤەرەوە.
دەشڵێت، “ژمارەیەك بەرپرسی حیزبی بەهاوكاریی چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو، گەورەترین گۆڕەپان لە ناحیەی شیلادزێ داگیردەكەن كە ناسراوە بە گۆڕەپانی سالم (ساحەی مەزن)، دەكەوێتەسەر شەقامی گشتی بەنزیكەیی (50) پارچە زەوییە و داهاتەكەی بۆ بەرپرسی حیزبییە، لەكاتێكدا لە سەردەمی بەعس دروستكراوە و موڵكی گشتییە”.
پەرلەمانتارەكە لەدرێژەی یاداشتەكەیدا باس لە موڵك و زەوییەكانی دیكەی ناحیەكە دەكات و دەڵێت، “شەقامێكی دووساید لەنێوان ناحیەی شیلادزێ و كۆمەڵگەی سیریێ هەیە بەدرێژایی دوو كیلۆمەتر بەهەزاران پارچە زەویی كە موڵكی هاوڵاتییانی ئەو دەڤەرەن لەلایەن چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوو دەستیان بەسەرداگیراوە، لەهەر لایەكی شەقامەكە بەقووڵایی (100م) زەوی داگیركراوە.
“بەرلەوەی شیلادزێ ببێتە ناحیە، دوو شارەوانی هەبوون بەناوەكانی (شارەوانیی شیلادزێ و شارەوانیی كۆمەڵگەی سیریێ)، دوای ئەوەی شیلادزێ بوو بە ناحیە، هەردوو شارەوانییەكە كران بە یەك، بینای شارەوانیی كۆمەڵگەی سیریێ كراوە بە بارەگای حیزبی و بینای شارەوانیی شیلادزێ دراوە بە كەسێك (دەگوترێت بەرپرسێكی حیزبییە) بە نایاسایی” ئەو پەرلەمانتارە وادەڵێت.
لە قەزای بەردەڕەش-یش ژمارەیەك زەوی و موڵكی حكومی دەستیان بەسەرداگیراوە و پەرلەمانتارەكەی یەكێتی بەمجۆرە ئاماژەی پێداوە:
1-زەوییەك ڕووبەرەكەی (1167) مەتر دووجایە، كراوە بە پێنج پارچە زەویی نیشتەجێبوون لەسەر زەویی خزمەتگوزاریی شارەوانی و لەسەر شەقامی گشتی (تیجارییە) بە بەهای (230 هەزار دۆلار) فرۆشراوە.
2- زەوییەكی ڕوكن تیجاری بە بەهای (570 هەزار دۆلار) فرۆشراوە و ئێستا كراوە بە بەنزینخانە بەناوی (هیوا ئۆیل).
3- بەنیازن بنكەی پۆلیسی كۆن بفرۆشن كە ڕووبەرەكەی (2500) مەتر دووجایە لەناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش و داوای (130 هەزار دۆلار)ی لێدەكرێت.
4- زەوییەكی ڕوكن (1160) مەتر دووجا لەناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش دراوە بە كەسێك كە زەوییەكە نەخشەی بازاڕی هەیە و داوای (10 هەزار) دۆلاری لێدەكرێت.
5- زەوییەك كە ڕووبەرەكەی (300) مەتر دووجایە تیجارییە نزیك شەقامی جووتسایدی قائیمقامیەت داوای (150) هەزار دۆلاری لێدەکرێت.