هۆشدارییەك لە تەندروستیی گەرمیانەوە: ژمارەكان ئاماژەن بۆ پەرەسەندنێکی مەترسیداری كۆرۆنا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان، ئامۆژگاریی خەڵك دەكات خۆیان ڤاكسین بكەن، هۆشداریی ئەوەش دەدات كە زۆرینەی ئەو توشبووانەی داخڵی نەخۆشخانەی قەڵای تایبەت بە کۆرۆنا دەکرێن و دۆخیان خراپە، درەنگ هێنراونەتە نەخۆشخانە.

لە ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیاندا هاتووە، لە ماوەی کەمتر لە دوو ڕۆژدا لە ئیدارەی گەرمیان شەش کەس گیانیان لەدەستداوە و 180 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، زیاتر لە 60 نەخۆش داخڵی نەخۆشخانە کراون.

تەندروستیی گەرمیان پێی وایە، ئەو ژمارانە ئاماژەن بۆ پەرەسەندنێکی مەترسیداری ڤایرۆسەکە لە ناوچەکەدا.

ئەو ڕێنماییانەی تەندروستیی گەرمیان بڵاویکردوونەتەوە:

یەکەم: خۆپارێزیی تەواوەتی بکەن، ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەبیرمەکەن و بەباشی جێبەجێی بکەن.

دووەم:  ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن و کەمتەرخەمی نەکەن لە وەرگرتنی ڤاکسینەکە و خۆیان تۆماربکەن لە ئەپڵیکەیشنی (کوردڤاک).

سێیەم: بە زۆری ئەوکەسانەی کە داخل بە بەشی نەخۆشخانەی قەڵا دەکرێن و حاڵیان خراپە، ئەوانەن کە درەنگ ھێنراون بۆ نەخۆشخانە، بۆیە تکایە نەخۆش پێش ئەوەی بگاتە ئەوپەڕی خراپی داخڵی نەخۆشخانەی بکەن.

چوارەم: دەرمان و چارەسەری پزیشکی لە خۆوە بەکارنەھێنرێت، بەبێ پشکنینی ورد و لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ، تکایە کەس لە خۆیەوە دەرمان و چارەسەری پزیشکی وەرنەگرێت.

پێنجەم: ئەو کەسانەی گومانی نەخۆشییەکەیان ھەیە، با سەردانی تاقیگەی کۆرۆنا بکەن و بێبەرامبەر پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت، بەوشێوەیەش بەر بە تەشەنەسەندنی حاڵەتەکانی نەخۆشییەکە دەگیرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share