حکومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی 27 ملیار دۆلاری لەگەڵ تۆتاڵ ئینەرجی واژوو کرد

حکومەتی عێراق و کۆمپانیای فەڕەنسی تۆتاڵ ئینەرجی ڕێککەوتنێکیان بە بەهای 27 ملیار دۆلار واژوو کردووە، کە بڕیارە کۆمپانیاکە هاوکاری عێراق بکات بۆ دابینکردنی گازی سروشتی و سەرچاوەکانی دیکە.

ڕێککەوتنەکە بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق و چەند لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار لەگەڵ کۆمپانیا فەڕەنسییەکە واژوو کرا.

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکەوە ڕایگەیاندووە، “لەگەڵ بە کرداریکردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە کۆمپانیای تۆتاڵ ئینەرجی چوار پڕۆژەی گەورەی وزە لە باشوری وڵات جێبەجێدەکات و لەگەڵ تەواوبوونیان عێراق دەبێتە خاوەنی وزەی خۆی.”

بە وتەی وەزیری نەوت پڕۆژەکان هاوکاری عێراق دەکەن پێویستییەکانی بۆ گازی سروشتی و وزەکانی دیکە بە وڵاتانی دراوسێ کەمبێتەوە.

هاوکات “پاتریک پویانی”بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ ئینەرجی ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکەیان لە قۆناغی یەکەمدا بە سەرمایەی 10 ملیار دۆلار کارەکانی دەستپێدەکات و کارە هونەرییەکانی پڕۆژەکان بە خێرایی دەستپێدەکات.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وەزیری نەوتی عێراق ئاشکرایکردووە، لە قۆناغی سەرەتادا بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینەرجی سود لە ئاوی دەریاچەکان دەبینێت بۆ کێڵگە نەوتییەکان تا کاری هەڵکەندن ئاسان بکات.

تۆتاڵ ئینەرجی بەڵێنداوە لە قۆناغی یەکەمدا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە عێراق بگەیەنێتە 300 ملیۆن مەتر چوارگۆشە و لە قۆناغی دووەمدا ئەو ڕێژەیە دوو هێندە بکات.

کۆی پڕۆژەکان کە لە ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی عێراق و تۆتاڵ ئینەرجیدا هاتووە دژی ئەوەیە عێراق چیتر پێویستی بە ئێران بێت بۆ کڕینی گازی سروشتی و کارەبا، ئەمەش مەترسییە لەسەر پڕۆژەکە کە ڕەنگە بەهۆی ترسی ئێرانەوە پڕۆژەکان پێشنەکەون.

بابەتی پێشتر

سەركردەیەكی حەشدی شەعبی كوژرا

بابەتی دواتر

كازمی: كەمتەرخەمی ئیداری و سەربازی لە كەركوك هەیە و دەبێت دووبارە نەبنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share