وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان چاوەڕێدەکات ڕێژەی ئەوانەی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا وەردەگرن بگاتە سەروو 20%ی کۆی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش زیاترە لەو ڕێژەیەی وەزارەت وەک ئامانج دیاریکردبوو.
پێشتر و لەگەڵ دەستپێكی ڤاكسینكردن، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ئامانجیەتی تا كۆتایی ئەمساڵ 20%ی هاوڵاتییانی هەرێم ڤاكسین وەربگرن.
لەوبارەیەوە دکتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان ئێستا زۆر باشە، خواست لەسەر وەرگرتنی ڤاکسینەکان زۆر زیادیکردووە و ئێمە وەک لایەنی پەیوەندیدار لێیڕازین”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، “لەسەرەتای گەیشتنی ڤاکسین بۆ هەرێمی کوردستان تا دوو مانگی ڕابردووش تەنها 250 هەزار کەس ناویان لە سیستمی کوردڤاک بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردبوو، بەڵام ئێستا ژمارەکە گەیشتووەتە 850 هەزار کەس کە ناویان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردووە و ئەو ڕێژەیەش زۆر دڵخۆشکەرە”.
بەمەبەستی فراوانکردنی هەڵمەتەکانی کوتان دژی کۆرۆنا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەی ناوەندەکانی دابەشکردنی ڤاکسینی لە هەرێمی کوردستان زیادکردووە، سەرەڕای ئەوەش، بە بڕیاری وەزارەتی تەندروستی ڤاکسینی جۆری فایزەر، کە پێشتر تەنها لە ناوەندی شارەکان هەبوو، ئێستا لە شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیش دەدرێت بە هاوڵاتییان.
دکتۆر ئاسۆ حەوێزی دەڵێت، “ئێمە دەمانویست تا کۆتایی ئەمساڵ ڕێژەی 20%ی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ڤاکسین وەربگرن، بەڵام ئێستا بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان لە ئاستێکی ئەوەندە باشدایە، ئەگەر بەمجۆرە بەردەوامبین دەگەینە زۆر زیاتر لەو ڕێژەیە و بۆ ئەو مەبەستەش بنکەی زیاتری دابەشکردنی ڤاکسینمان کردووەتەوە”.
وتەبێژەكە، وەزارەتی تەندروستیی بە ڕازی و دڵخۆش وەسفكرد لە بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، “هیوادارین بەمجۆرە بەردەوامبێت”.