تەندروستیی جیهانی هۆشداریی لەبارەی کاریگەرییەکانی قەیرانی ئۆکرانیاوە دەدات

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری لە شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیا دەدات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ململانێ سەربازییەکانی ئەو دوو وڵاتە هۆکار دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆرۆنا.

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکردووە، “ئەو ئاڵۆزیانەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات کاریگەریی لەسەر بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی کۆڤید 19 هەیە”، جەختیکردەوە، “ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئۆکرانیا لەدوای هێرشی ڕوسیا بۆسەر ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە”.

ڕوونیکردووەتەوە، نەبوون یان کەمیی پشکنینەکان بەمانای ئەوەدێت ئەگەری بوونی ژمارەیەکی زۆر تووشبووی دەستنیشاننەکراو هەن، وتیشی، “دابەزین و کەمبوونەوەی ڕێژەی کوتان مەترسییەکی گەورەیە، وەکچۆن ئەگەری هەیە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە نیشانەی قورسەوە تووشی ڤایرۆسەکە ببن بەهۆی وەرنەگرتنی ڤاکسینەوە”.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەکرد، “جوڵەی بەکۆمەڵ و دەرچوونی خەڵک لە ئۆکرانیا بۆ دوورکەوتنەوە و ڕاکردن لەو شەڕەی لەوڵاتەکەیاندا هەیە هۆکارێکی گەورەیە بۆ بڵاوبوونەوەی زۆری ڤایرۆسەکە، ئەوەش دەبێتەهۆی فشاری زۆر بۆسەر سیستمی تەندروستیی وڵاتانی دەوروبەر”.

کۆرۆنا تەنها هۆکاری نیگەرانییەکانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی نییە لە شەڕی ئۆکرانیادا، بەڵکو وەرگرتنی چارەسەر لەلایەن خەڵکی ئەو وڵاتەوە لە شوێنە لاوەکییەکان و دەرەوەی نەخۆشخانەکان کە بەشێوەیەکی پزیشکی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشدا ناکەن یەکێکی دیکەیە لە نیگەرانییەکان.

لەوبارەیەوە گیبریسۆس جەختیکردەوە، دەبێت پێداویستییە پزیشکییەکان بگەیەنرێتە ئەو شوێنانەی کە هاوڵاتییانی ئۆکرانیا پێویستیانە و بەهۆی هێرشەکانەوە شوێنەکانیان جێهێشتووە، هەروەها ئاماژەی بە داخستنی سێ کارگەی ئۆکسجینی سەرەکی کرد لەو وڵاتە لەدوای دەستپێکردنی شەڕەوە.

هەروەها تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەڕێوبەری نوسینگەی ئەوروپای ڕێکخراوەکە هانز کۆلۆج لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایانکرد، ڕێژەی ئۆکسجینی پێویست بۆ ڕزگارکردنی گیانی هاوڵاتییانی ئۆکرانی لە ئێستادا بۆ ئاستێکی مەترسیدار کەمبووەتەوە، بارهەڵگرەکان ناتوانن بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ئۆکسجین لە کارگەکانی بەرهەمهێنانەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان بگوازنەوە لەسەرتاسەری وڵات و لەناویشیاندا کیێڤی پایتەخت.

ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت، زۆرینەی نەخۆشخانەکان دەستیانبردووە بۆ بەکارهێنانی ئۆکسجینی یەدەگی نەخۆشخانەکان ئەمەش دەکرێت ژیانی هەزاران کەسی دیکە بخاتە مەترسییەوە.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) نیس بۆ سێیه‌م جار له‌م وه‌رزه‌دا پاریسی دووچاری دۆڕاندن کرد

بابەتی دواتر

سندوقی دراو: شەڕی ئۆكرانیا كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی جیهان دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share