ڕاهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا، هانزی فلیک پێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی کای هاڤێرتز بۆ تۆماس توخێلی ڕاهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی دیاریده‌کات.
هاڤێرتز له هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا یه‌کێکه له باشترینه‌کان، به‌ڵام له ڕیزه‌کانی چێڵسی به‌پێی پێویست ده‌رنه‌که‌وتووه، به‌ڕێوه‌به‌رانی “بلوزی له‌نده‌ن” به هاوکاری توماس توخێل پلانێکیان گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاستی ئاسایی یاریزانه‌که، به‌ڵام هێشتا ئامانجه‌که‌یان نه‌پێکاوه.
هانزی فلیک، ڕاهێنه‌ری پێشووی بایرن میونشن و ئێستای هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌ڵمانیا، له‌چاوپێکه‌وتنێکدا به ڕۆژنامه‌ی بێلد سپۆرتی ڕاگه‌یاندووه، “له‌گه‌ڵ تۆماس توخێل زۆر قسه‌مانکردووه، پێموایه بۆ هاڤێرتز باشتره له هێڵی ناوه‌ند یاریبکات نه‌ک باڵه‌کانی هێرشبردن، یاریزانه‌که ده‌یه‌وێت له ناوه‌ندی یاریگاوه باشتر ڕۆڵی هێرشبه‌ریی بگێڕێت، خێرایی و کۆنتڕۆڵی تۆپ و گواستنه‌وه‌کانی بۆ ئه‌و پێگه‌یه ناوازه‌ن، به‌ڕای من له پێگه‌ی ناوه‌ندی هێرشبردندا زیاتر هه‌ست به سه‌ربه‌ستی ده‌کات”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت،” هاڤێرتز له کۆتاییهێنان به هێرشه‌کان یاریزانێکی نمونه‌ییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت هه‌میشه نزیکی گۆڵی ڕکابه‌ران بێت”.
هانزی فلیک له پێکهاته‌ی ئه‌ڵمانیا به‌رامبه‌ر لیشتنشتاین، له پێگه‌ی ڕه‌خسێنه‌ری گۆڵ یاری به کای هاڤێرتز کرد، به‌ڵام توخێل له پێگه‌ی باڵه‌کانی هێرشبه‌ریی به‌کاریخستووه، بۆیه له کۆی 30 یاری له خولی ئینگلته‌را ته‌نها پێنج گۆڵی تۆمارکردووه.