ئەمشەو، شەممە لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی هەفتەی پێنجی بۆندس لیگا دێربی ڕۆژ لە یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک ئەنجامدرا، بوروسیا دۆرتمۆند بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بردنەوەی بەدەستهێنا.
لە تایمی یەکەمدا ئەستێرەکانی دۆرتمۆند و شالکە ئاستێکی مامناوەندیان نیشاندا و بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، بەڵام لە تایمی دووەمدا لوسیان فاڤری ڕاهێنەری ڤیستیڤالین گرێی گۆڵکردنی کردەوە.
لە خولەکەکانی 55 و 61 و 78 دۆرتمۆند سێ گۆڵی لەسەریەکی لەلایەن مانوێل ئاکانجی، ئێرلینگ هالاند، ماتس هومێڵسەوە لەسەر یانەی شالکەی میوان و ڕکابەری مێژوویی تۆمارکرد.
هێرشبەرانی شاهانەی شالکە لە کۆتا ساتەکاندا هەوڵی زۆریاندا گۆڵ تۆماربکەن و ئەنجامەکە هاوتابکەنەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و یارییەکە بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام لەبەرژەوەندی دۆرتمۆندی خاوەن یاریگا کۆتاییهات.
بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، دۆرتمۆند لەکۆی پێنج ڕوبەروبوونەوەی بۆندس لیگا 12 خاڵی کۆکردەوە و لە پلەی سێیەمی ڕیزبەندی یانەکان بەشێوەیەکی کاتی جێگیربوو، یانەی شالکەش بە یەک خاڵەوە لە پلەی 17ی خولەکە لەژێر هێڵی مەترسی وەک خۆی بەردەوامبوو.