ئەمڕۆ لەلایەن هاوڵاتییەکەوە دەستنوسێکی کاک ئەحمەدی شێخ، کە مێژووەکەی بۆ ساڵەکانی نێوان (1870-1875) دەگەڕێتەوە ڕادەستی مۆزەخانەی سلێمانی کرا.
ئەو هاوڵاتییەی کە دەستنوسەکەی ڕادەستکردووەتەوە ناوی ( مەروان ئەحمەد محەمەد قادر ) ە و بە وتەی خۆی کاک ئەحمەدی شێخ دەستنوسەکەی بە باپیرە گەورەی ئەو بەخشیووە.
کاک ئەحمەدی شێخ یان کاک ئەحمەدی سلێمانی ساڵی (1793–1887) ژیاوە و کوڕی شێخ مەعرووفی نۆدێلە، زانایەکی ئایینی و ناودارانی تەریقەتی قادرییە.
کاک ئەحمەدی شێخ کۆمەڵێک نووسراوەی ئایینی بە زمانی فارسی بەجێهێشتووە، کە بە مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ ناسراون و لەلایەن مەلا عەبدولکەریم مودەریسە و بە کوردی وەرگێڕدراون.
کاک ئەحمەد لە ھاوچەرخانی مەولەوی کورد شاعێری بە ناوبانگی کوردە و لەگەڵ مەولەوی دا پەیوەندییەکی گەرمی ھەبوووە.
بنەماڵەی کاک ئەحمەدی شێخ تا مەلیک مەحمود، هەموویان لەلایەن خەڵکی سلێمانی و ناوچەکەوە ڕێزلێگیراو بوون و گۆڕی بەشێکی زۆریان لەناو مزگەوتی گەورەی سلێمانیدان.