(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مەدرید بە سێ گۆڵ سێ خاڵی کلاسیکۆی لە بەرشلۆنە داماڵی

 

ئەمشەو، شەممە کلاسیکۆی چوونی لالیگا لە یاریگای کامپ نو ئەنجامدرا، یانەی شاهانەی مەدرید بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک بردنەوەی تۆمارکرد.

لە سەرەتای  تایمی یەکەمدا ڕیاڵ مەدرید گووشاری توندی دروستکرد و هاوسەنگتر لە یانەی خانەخوێ دەرکەوت، لە خولەکی پێنج بە هێرشێکی ڕێکخراو فیدریکۆ ڤاڵڤێردی گۆڵی یەکەمی مێرەنگی تۆمارکرد.

کاردانەوەی کەتەلۆنییەکان خێرابوو، لە خولەکی هەشت بە هێرشێکی هەڵگەڕاوە ئانسو فاتی ئەستێرەی هەڵکشاوی ئیسپانی ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.

لە کاتەکانی دیکەی ئەو تایمەدا یاریزانانی هەردوو یانە توانیان بە گۆڵی یەکدی بگەن، چەندین هەلیان بۆ تۆمارکردنی گۆڵ ڕەخساند، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵ و ئەو تایمە بە یەکسانبوون کۆتاییهات.

لە تایمی دووەمدا، هەردوو یانە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ خولەکانی یارییدا کرد و هاوسەنگی بە ئاستیانەوە دیاربوو.

ئەستێرەکانی کومان توانیان تاڕادەیەک لە نیوە یاریگای شاهانەدا یاریبکەن، بەڵام یاریزانانی زێدان بە هێرشی هەڵگەڕاوەی ڕێکخراو و تۆپە وەستاوەکان لە کۆرنارەوە مەترسییان بۆسەر گۆڵی نیتۆ دروستکرد.

لە خولەکی 62 بەهۆی بەریەککەوتنێکی نێوان ڕامۆس ولانگلێتەوە (ڤار) ئاماژەی بۆ پەناڵتیکرد، پاش لێکدانەوەی بەریەککەوتنەکە داوەری یاری پەناڵتی ئەژمارکرد و لە خولەکی 63 سێرجیۆ ڕامۆس بە سەرکەوتوویی جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی بۆ دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی ڕیاڵ مەدرید گۆڕی.

لە کۆتا خولەکەکاندا بەرشلۆنە فشاری خنکێنەری بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانکردنەوە لەسەر ناوەند و بەرگری ڕیاڵ دروستکرد، بەڵام هێرشەکانیان هیچ گۆڵێکی لێنەکەوتەوە، بە پێچەوانەوە ئاڵوگۆڕە هێرشبەرییەکانی کومان هێڵی بەرگری بەرشلۆنەی لاوازکرد و لە خولەکی 89 لوکامۆدریچ توانی گۆڵی سێیەم و یەکلاکەرەوەی ڕوبەروبوونەوەکە تۆمارکرد.

بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکەی ئەمشەو، یانەی شاهانە سێ خاڵی لە کامپ نو چنییەوە و ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 13 و بەشێوەیەکی کاتی لوتکەی ڕیزبەندی لالیگای گرتەوە، لەبەرانبەردا بەرشلۆنە بە حەوت خالەوە لەپلەی دەیەمدا جێگیربوو.

بابەتی پێشتر

گرنگترین زانیارییەکان لەبارەی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەمڕۆی خابیب و گایزجی

بابەتی دواتر

کلاسیکۆی کۆرۆنا، گەڕانەوە بۆ پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share