گۆڕان لە هەولێر: پارتی دەستیكرد بە درۆكردن

لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموكراتی كوردستان

گۆڕان لە هەولێر ڕەتیدەكاتەوە هیچ هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەكە پەیوەندیی بە پارتییەوە كردبێت، دەڵێت، “لەدەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەستیانکرد بە درۆکردن”.

ئەنجومەنی قەزای هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕوونكردنەوەیەكدا قسەی لەبارەی بانگەشەی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، بەوەی چەند هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەكە بوونەتە پارتی، بەڵام گۆڕان ڕەتیدەكاتەوە ئەوانەی وێنەكانیان بڵاوكراوەتەوە “بۆ یەك ڕۆژیش گۆڕان بووبن و تەنانەت هەولێری نین”.

ڕوونکردنەوەیەک لە ئەنجومەنی قەزای هەولێری بزوتنەوەی گۆڕانەوە:

تەنها ڕۆژێک دوای (31ی ئاب) لقی دووی پارتی، کە خاوەنی 75 ساڵ خەباتە، لەجێی ئاشتکردنەوە و خزمەتکردنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و لەگەڵ دەستپێکی بانگەشەیاندا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەجێگەی ئەوەی بەڵێنی گەڕانەوەی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بدەن، دەستیان کرد بە درۆکردن.

ڕۆژێک دوای 31ی ئاب، لە لقی دووی پارتیدا وێنەی پۆلێک گەنج بڵاودەکرێتەوە، گوایە هەڵسوڕاوی گۆڕانن و چوونەتە ڕیزەکانی پارتی، من سەرەتا بە هاوڕێیانی لقی دوو دەڵێم، ئەگەر ئەمەتان بۆ ئافەرینێک کردووە کە سەرووی خۆتان لێتان بکات، ئەوا دڵنیابن سەرۆکەکەشتان باوەڕ بەم درۆیە ناکات، چونکە ئەوانەی لە وێنەکەدا دیارن تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش گۆڕان نەبوون، نەک هەر ئەوەندە، بەڵکو هیچ کامێکیان هەولێری نین، ئەگەر بۆ بانگێشەش کردوتانە، ئەوا دڵنیابن بەم ڕەفتارانە بچووکتر دەبنەوە، ئەگەر لە بزوتنەوەی گۆڕان و مەکۆی هەولێریش ترستان هەیە ئەوا پێویستە بەخۆتاندا بچنەوە، چونکە گۆڕان واتە دەنگی ناڕازی، گۆڕان واتە خەڵکی بەشمەینەت، گۆڕان واتە داکۆکیکردن لەمافە ڕەواکانی هاوڵاتییان، بەکورتی کۆکردنەوەی دەنگ بە گەڕانەوەی هیوا دەکرێت، گەڕانەوەی هیواش بە خزمەتکردنی هاوڵاتییان و دەستەبەرکردنی ماف و سەروەریی یاسا دەکرێت، نەک بە درۆ و چەواشەکاری.

هێمن شێخانی
باژێڕوانی بزوتنەوەی گۆڕان
هەولێری پایتەخت

بابەتی پێشتر

تاڵیبان: حكومەتەكەمان ژنی تێدا نابێت

بابەتی دواتر

بنزیمە: ئێستا بێت یان دواتر مباپێ لە مەدریدە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share