ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایدەكات، لە سنووری ناحیەی كەڵەكی سەر بە پارێزگای دهۆك، زەوی و باڵەخانە كۆن و شوێنەوارییەكان بە 70 هەزار دۆلار (حەوت دەفتەر) فرۆشراوە و بەپارەیەکی ھەرزان دراون بە “چەند کەسێکی دەسترۆیشتوو”.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری كوردستان لە تۆڕی كۆمەلایەتیی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، یاداشتێكی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كردووە لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی لە ناحیەی كەڵەك-ی سەر بە پارێزگای دهۆك و كڕین و فڕۆشتن بەزەوی و باڵەخانە كۆنەكان و شوێنەوارەكانی ئەو ناوچەیە.
بەپێی یاداشتەكەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو پرۆسەیە ماوەی ساڵێكە لەنێوان “چەند كەسێكی دەستڕۆیشتوودا ئەنجامدەدرێت”.
ئەو پەرلەمانتارە پرسیاری ئەوەشی لە وەزارەتەكە كردووە، كە “ئایا لەسەر چ بنەمایەك كڕین و فرۆشتن بە زەوی و باڵەخانە كۆنەكان و شوێنەوارەكانی ناحیەكە كراوە، هەروەها چ ڕێكارێكتان گرتووەتەبەر بۆ ڕاگرتنیان؟”.
دەقی یاداشتەكە: