جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی بەسەركردنەوەی کۆمەڵگەی کۆگاکردنی خۆراکی سلێمانی ڕایگەیاند، حکومەت پلانی پەرەپێدانی کەرتی بازرگانی و وەبەرهێنانی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستییان بە ئاسایش، ئارامی و هەماهەنگی لەنێوان دامەزراوەکان هەیە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەمیانی سەردانیكردنی پرۆژەكەدا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا تیایدا ئامادەبوو ڕایگەیاند، پڕۆژەکە لەچەندین کۆگای گەورە پێکهاتووە و سلێمانی دەکات بە ناوەندێکی گرنگی جوڵەی بازرگانی، هەروەها هەزاران هەلی کاری بۆ کرێکارانی ناوخۆ ڕەخساندوە.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، دەیانەوێت دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ بازرگانان بڕەخسێنین.
لەبارەی نرخی بەنزینیش، قوباد تاڵەبانی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا وتی، بەزبوونەوەی نرخی بەنزین پەیوەندی بەچەند هۆکارێکەوە هەیە، کە یەکێکیان بەرزبوونەوەی نرخە لەسەر ئاستی جیهان.
ڕوونیشیكردەوە، “لە عێراق حکومەت پاڵپشتی نرخی بەنزین دەکات، بەڵام ئابوری حکومەتی هەرێم لەو ئاستەدا نییە بتوانین ئەوە بکەین، بەڵام کارئاسانی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بەنزینەی لەدەرەوە دێت بەتێچویەکی کەمتر بێت”.
جەختی لەوەشکردەوە، “دەبێت هاوسەنگی ڕابگرن لەنێوان تێچووەکە و کولێتییەکەی، چونکە هەندێ بازرگان هاتوون بەنزینیان بە کوالێتییەکی خراپ هاوردە کردووە و هەندێ ماددەی تێدەکەن بۆ ئەوەی ئۆکتانی بەرزبێتەوە، بەڵام ئێمە ڕێگە بەو فرت و فێڵە نادەین”.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ عێراق ڕێککەوتون کە بەنزینێکی زیاتر بنێردرێتە هەرێم، هەروەها ڕسوماتیشیان لەسەر هاوردەکردنی بەنزین کەمکردووەتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی هەرزانکردنی نرخەکەی.