بڕیارە لەم مانگەدا سێ دانیشتنی دادگا تایبەت بە چالاكوانانی دەستگیركراوی بادینان ئەنجامبدرێت و سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری دەڵێت، سەرۆكی دادگاكە و دوو لە دادوەرانی گۆڕاون و كەسانی دیكە لە جێگایان دانراون.
بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە دەستگیركراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، بڕیارە ڕۆژانی 6 و 8 و 20ی ئەم مانگە دانیشتنی دادگایی دەستگیركراوانی بادینان بەڕێوەبچێت.
وتیشی، “سەرۆكی دادگای تاوانی 2ی هەولێر، كە تایبەتە بە ئاسایش گۆڕدراوە، هەروەها دوو لە دادوەرانی دادگاكە گۆڕاون و كەسانی دیكە لە جێگایان دانراون”.
دەربارەی ئەوەی ئایا گۆڕینی ئەو دادوەرانە كاریگەری دەبێت لەسەر دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان بەشدار حەسەن وتی، “ئومێدمان هەیە، بەڵام با پێش ڕووداوەكان نەكەوین”.
لە 7ی ئابی ڕابردوو تیمی پارێزهرانی چالاكوانانی بادینان لە ڕاگەیەنراوێكدا بڵاویانكردەوە بەندكراوان “زۆر ئەزیەت دەدرێن و فشاری زۆریان بۆ دەهێنرێت” لەو بارەیەوە سەرۆكی تیمی پارێزەران ڕایگەیاند، دۆخی بەندكراوان وەك خۆیەتی و ئەوان داوایانكردووە ئەوانەی لە ئاسایشی گشتی گیراوان بگوازرێنەوە بۆ چاکسازیی گەورانی هەولێر، یاخود چاکسازیی زەرکا لە دهۆک بەتایبەت پێنج چالاكوانە سزادراوەكە.
وتیشی، “بەڵام تائێستا بەدەنگەوە هاتن بۆ داواكارییەكەمان نییە و ئاسایش ڕادەستیان ناكات”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەپێی یاسا دوای سزادانی هەر ڕاگیراوێک لەلایەن دادگاوە، پێویستە بگوازرێنەوە چاکسازی و وەک زیندانییانی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە 16ی شوباتی ڕابردوو سزای زیندانیكردنی هەریەك لە (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا و گۆهدار زێباری)، لەلایەن دادگای تاوانی دووی هەولێرەوە دەركرا و دواتریش چەند دانیشتنێكی دادگا تایبەت بە پێداچوونەوە بە سزای ئەو چالاكوانانە و لێكۆڵینەوە لە چالاكوانانی دیكە ئەنجامدرا.
هەڵمەتی دەستگیركردنی چالاكوان و ڕۆژنامەنووسان پاش خۆپیشاندانێكی ناڕەزایی بوو كە لە 19ی ئابی 2020 لە زاخۆ ئەنجامدرا و دواتر توندوتیژی لێكەوتەوە و بەریەككەوتن لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسدا ڕویدا.
زۆرینەی ئەو دەستگیركراوانە تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان ڕوبەڕووكراوەتەوە.
لەماوەی رابردوودا چەندین گردبوونەوە و چالاکیی جۆراوجۆر لە ناوخۆ و وڵاتانی ئەوروپا و جیهان دژ بە دەستگیرکردن و سزادانی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەڕێوەچوو، هەروەها ژمارەیەك رێكخراوی جیهانی ڕاپۆرتیان لەسەر کەیسەکە بڵاوکردوەتەوە.
پێشتر ڕێكخراوی CPT، كە رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی بواری مافەکانی مرۆڤە، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، پارێزەرانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ھیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ و بڕواپێھێنەریان پێشکەشنەکرد، کە تۆمەتەکانی چالاکوانان و ڕۆژنامەوانانی بادینان بسەلمێنێت.
دەشڵێت، “ئەندامانی تیمی CPT بەقوڵی نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن سەبارەت بەم پڕۆسەیە، کە تیایدا مافە مەدەنی و سەرەتاییەکان بە ئامانج دەگیرێن و دەبنە ھۆی تێکدانی ژیانی ئەوانەی، کە ڕاستییەکان ئاشکرادەکەن و بەڕووی توندوتیژیدا دەوەستنەوە”.