بەهۆی ناكۆكییەكی پێشترەوە، شەڕ و پەلامار لەنێوان دوو ماڵە دراوسێ لە كەركوك هاتە ئاراوە، پۆلیسی شارەكە دەڵێت، فەرمانی دەستگیركردن بۆ تۆمەتبارانی ڕووداوەكە دەرچووە.
پەیامنێرمان لە كەركوك پێی ڕاگەیاندین، شەڕەكە ئێوارەی دوێنێ لەنێوان دوو ماڵی دراوسێ لە گەڕەكی ئیمام قاسم ڕوویداوە.
وتیشی، “بەڵام هیچ كام لە ماڵەكان كێشەكەیان نەگەیاندووەتە یاسا، بەڵكو لەڕێی ڕێككەوتنی عەشایەرییەوە ئاشتەواییان كردووە”.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای كەركوك ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر و لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، پێشتر شەڕێك لەنێوان هەردوولا ڕوویداوە و ڕێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر و هێرشبەران بە كەفالەت ئازادكراون.
سەرەڕای ئەوە وەك ئەوەی لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت جارێكی دیكە یەكێك لەلایەنەكان هێرشی كردووەتەسەر لایەنی دووەم و بەهۆیەوە كەسێك برینداربووە، بۆیە لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر، وەك ئەوەی پۆلیسی كەركوك دەیڵێت.
ئاشكراشیكردووە، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەو كەسانە لە دیمەنە ڤیدیۆییەكەدا دەركەوتوون دەرچووە، لەكاتێكیشدا هێزێكی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە بۆ جێبەجێكردنی فەرمانەكە، دەركەوتووە تۆمەتبار شوێنی نیشتەجێبوونیان جێهێشتووە و هەڵهاتوون.