تا ئێستا ئێران و سعودیە سێ گەڕی دانوستانیان ئەنجامداوە، باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێت، گەڕی چوارەمیش بەڕێوەیە.
ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بە ئاژانسی هەواڵی ئیسنا-ی وڵاتەكەی وتووە، دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێی ئێران، چاوەڕێن گەڕێكی دیكەی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی سعودی ئەنجامبدەن.
مەسجدی ئاشكرایكردووە، پێشتر سێ گەڕی گفتوگۆ لە عێراق بەڕێوەچوون و چوارەمیش هەر لە عێراق دەبێت.
ئەگەری دانوستانی نوێی نێوان تاران و ڕیاز دوای چەند ڕۆژێك دێت لە لوتكەی وڵاتانی دراوسێی عێراق، كە لە بەغداد بەڕێوەچوو و زیاد لە وڵاتێكی ناكۆكی ناوچەكەی كۆكردەوە.
ئێران و سعودیە لە زۆر پرسی تایبەت بە ناوچەكە ناكۆكن و لە ساڵی 2016وە پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانیان پچڕاوە.
ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی نوێی ئێران زیاتر لە جارێك دووپاتیكردووەتەوە، لەپێشینەی پەیوەندی و دیپلۆماسییەتی حكومەتەكەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەبێت.